ناس کورد-
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە ماڵی مام جەلال لە بەغدا کۆبوونەوە، بافڵ تاڵەبانی باسی "ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و ئەزموونی حکومڕانی" کردووە و گوتوویەتی، لە سنووری پارێزگای سلێمانی "خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی زۆر نزمدان و هاووڵاتییان هەست دەکەن سزادەدرێن."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راگەیێندراوی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، باسیان لە "هەوڵەکانی حکومەت و هەنگاوەکانی سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی" کردووە و پشتیوانی لایەنەکان بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت جەختی لێکراوەتەوە.
بافڵ تاڵەبانی باسی لە "گرنگی و پێویستی"ـی یەکدەنگی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەتی نوێ و ئاماژەی بەوە کردووە، "پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و چەسپاندنی یاسا لە گرنگترین کارەکانی حکومەتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداش هەر لەو چوارچێوەیەدایە."
ئەزموونی حوکمڕانی و ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانیان بووە. "بافڵ تاڵەبانی راشکاوانە هەڵوێستی یەکێتی و خراپیی دۆخی هاووڵاتییانی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان روونکردەوە و رایگەیاند، بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی ناتەندروست و نابەرپرسیارانە لەگەڵ ئەو ناوچانە دەکات، بەشێوەیەک کە خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی زۆر نزمدان و هاووڵاتییان هەست دەکەن سزادەدرێن."
سەرۆکی یەکێتی ئەوەشی گوتووە کە حیزبەکەی خۆی بە خاوەنی ئەم ئەزموونە دەزانێت و "لە هیچ هێز و لایەنێکی قبووڵ نەکردووە و نایکات کە خەڵکەکەی وەک هاووڵاتیی پلەدوو سەیربکرێت، گەمارۆی سیاسییان بخرێتەسەر و وەک کارتێکی فشاری سیاسی بەرامبەرمان بەکاربهێنرێت."
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەشهاتووە کە بافڵ تاڵەبانی گوتوویەتی، "بەداخەوە حکومەت بیر لە دەرئەنجامە خراپەکانی ئەم سیاسەتە ناتەندروستە ناکاتەوە و ئەم پەیامەشمان بە هەموو نێردە سیاسییەکان و حیزبە کوردستانییەکان راگەیاندووە. سەرباری ئەوانەش ئێمە داوامانکردووە هەر رێکارێکی یاسایی یاخود سیستمێکی جیهانی کە هەیە بۆ کۆکردنەوەی داهات بەشێوەیەکی دادگەرانە لێرە جێبەجێبکرێت تاوەکو هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان سوودمەندبن."