گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

هەسەدە بەڵێنى تۆڵەکردنەوەى هێرشەکانى تورکیا دەدات

2022.11.20 - 17:38
App store icon Play store icon Play store icon
هەسەدە بەڵێنى تۆڵەکردنەوەى هێرشەکانى تورکیا دەدات

ناس کورد-

 

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەڵێنیدا بە شێوەیەکی "بەهێز و کاریگەر" وەڵامی هێرشەکانی تورکیا بداتەوە، “لە کات و شوێنی گونجاودا”.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تورکیا ماوەیەکی زۆرە خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەتایبەتی دوای ئەوەی خۆی پیلانی بۆردومانی ئەستەنبوڵی هەڵبەستووە، بۆ ئەوەی وەک بیانوویەک بەکاریبهێنێت.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی ئەم هەڵمەتەوە "ڕووی ڕاستەقینەی" خۆی نیشاندا، بەو پێیەی لە گوندی "تەکوڵ بەکاڵ" کۆمەڵکوژیی ئەنجامدا و 11 کەس گیانیان لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش برینداربوون، لەنێویاندا کرێکارێکی کۆمپانیای کارەباى تێدایە، جگە لە وەستانی کارکردنی وێستگەیەکی گواستنەوە بەهۆی زیانێکی زۆرەوە.

 

هەروەها بەهۆى هێرشی تورکیاوە دوو پاسەوانی سایلۆی گەنم لە ئەلدەرباسییە لە باکوری ئەلحەسەکە گیانیان لەدەستدا و ئەندامێکی “هەسەدە” لە شارۆچکەی زەرکان گیانى لەدەستدا و سێ هاوڵاتی مەدەنیش برینداربوون لە کۆبانی، جگە لە زیانی زۆر بە ماڵی دانیشتوان گەیشتووە، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەندراوەکە.

 

درەنگانێکی شەوی ڕابردوو هێزی ئاسمانیی تورکیا ئۆپراسیۆنێکی چڕی لە چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا بۆسەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە و یەپەگە و هەسەدە.    

  

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئۆپەراسیۆنەکەی بە "چنگی شمشێر" ناوبردووە و دەڵێت، "ئۆپراسیۆنەکە پشتی بە ماددەی 51 لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەستووە کە ماف دەدات بە تورکیا بەرگری لە خۆی بکات."    

  

بۆردومانەکە زۆر چڕ بووە و لە چەندین ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و شارەکانی ڕۆژئاوا ئەنجامدراوە.    

  

میدیاکانی تورکیا لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئاشکرایان کرد، لە ئۆپراسیۆنەکەدا 50 فڕۆکەی جەنگی و 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی بەکارهێنراون.