ناس کورد-
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ڕایگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان تەواو نەبووە، دوای تەواوبوونی، قۆناغی دووەمی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ناوچەكانی دەوروبەری شارەكاندا دەستپێدەكرێت و دوا قۆناغیش لەناو سەنتەری شارەکاندا دەبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم (یەکشەممە 20-11-2022) ڕایگەیاند، "تا ئەمڕۆ بڕی 28 ملیۆن و 560 هەزار و 243 لیتر نەوتمان دابین كردووە، لەو بڕەش 26 ملیۆن و 848 هەزار و 800 لیتر نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیانی ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی كوردستان دابەش كراوە و 134 هەزارو 244 خێزان لێی سوودمەند بوون."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەردەوامە و دوای تەواوبوونی قۆناغی یەكەم لە ناوچە شاخاوییەكان راستەوخۆ قۆناغی دووەمی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ناوچەكانی دەوروبەری شارەكاندا دەستپێدەكرێت و دوا قۆناغیش لەناو سەنتەری شارەکاندا دەبێت."