ناس كورد-
توێژینەوەیەكی شرۆڤەكاری ئەوە دەخاتەڕوو لە كابینەی محەمەد شیاع سودانیدا چەند دەرفەتێك بۆ چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبووەكانی هەولێر و بەغدا لە ئارادان، لە بەرامبەریشدا كۆمەڵێك رێگر و لەمپەر هەن كە دەشێت ڕێگربن سەرباری گەشبینی و دیدی ئەرێنیانەی سەرۆك وەزیرانی نوێ.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی توێژینەوەیەك كە ماڵپەڕی خانەی هزری كوردستان (پێنوس) بڵاوی كردووەتەوە و "ناس كورد" بینیویەتی (18_11_2022) لە ئەركی سەرخستنی كابینەی حەوتەمی حكومەتی عێراق و چارەسەركردنی كێشەكانی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵدا، هەندێك خاڵی ئەرێنی لە سوودانیدا هەن كە دەشێت یارمەتیدەر بن لەوانەش:
ـ كەسایەتیی سوودانی، زیاتر كردارییە و لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە جموجۆڵی جددیی پێوە دیارە، ئەمەیش هیوای ئەوە دهبهخشێت كە هەوڵ بدات سەردەمێكی جیاواز لەوانەی پێش خۆی بەرپا بكات، بەتایبەت كە زۆر دەگوترێت "ئەم حكوومەتە دوا دەرفەتە."
ـ لەسەر ئاستی دەرەوە، پێشوازیی جۆراوجۆر لە کابینەی سوودانی کراوە، بەڵام پشتیوانییە دەرەکییەکانی كراوە و بێسنوور نین، ئەمەیش وا دەكات سوودانی پێویستی زۆری بە پاڵپشتیی دەرەكی هەبێت. كۆمەڵگهی نێودەوڵەتییش گوشارەكانیان بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدایە.
ـ كابینەی ئێستا كابینەی پشكپشكێنەیە بە پلەی یەكەم؛ متمانەوەرگرتنیشی بە سەركەوتنی پشكپشكێنە دراوەتە قەڵەم بەراورد بە "حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی"ی موقتەدا سەدر". لەم سیستهمەیشدا دابەشكردنی پۆست و ئیمتیازاتەكان بە گوێرەی قەبارە و كاریگەریی پێكهاتەكان دەبن، هەروەها بۆ ڕازیكردنی پێكهاتەكانیش، دەبێت هەندێك بەرەوپێشچووون ڕوو بدات.
ـ كشانەوهی سەدر بنكەی جەماوەریی حكوومەتی سوودانیی لەق كردووە، بۆ پڕكردنەوەی ئەمەش پێویستی بە پاڵپشتیی لایەنەكان هەیە بۆ بەهێزكردنی حكوومەتەكەی و بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری گەڕانەوەی سەدرییەكان بۆ ناڕەزایی.
هەر بەگوێرەی شرۆڤەكە هاوكات لەگەڵ ئەم خاڵانەشدا كۆمەڵێك رێگر و لەمپەری تر هەن دەشێت رێگربن لەوەی كێشەكانی نێوان هەردوولا چارەسەر ببن لەوانەش:
ـ سوودانی خاوەن یەك كورسی بوو لە هەڵبژاردنی 2021. ئەمەیش بە واتای ئەوە دێت حكوومەتەكەی، هی لایەنە پێكهێنەرەكانییەتی و خۆی بەتەنیا قورسە بتوانێت بڕیار بدات. لە هەڵبژاردنی تیمی ئۆفیسەكەی و ڕاوێژكارەكانیشیدا ئەمە بەڕوونی دیارە كە بەشی هەرە زۆریان، لە كەسایەتییە دیارەكانی چوارچێوەی ههماهەنگیی شیعەن.
ـ لە عێراقدا، پاش جێبەجێنەكردنی ماددە دەستوورییەكان، هیچ گەرەنتییەک نییە بهرنامهی كاری وەزاری وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
ـ بەتیۆری حكوومەت خۆی پابەند کردووە بەوەی کە لە پاش ساڵێک بچێتە هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەمەیش لە حاڵەتێكدا ئەگەر هات و سەدرییەكان زۆریان بۆ هێنا؛ ئەمەیش وا دەكات دەرفەتی ئەوەی نەبێت بچێتە وردەكاریی كێشەكانەوە. بەڵام سەرۆككۆمار باسی لەوە كردووە نیازیان نییە بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە بچن.
ـ لە سەروبەندی دەستبەکاربوونی حکوومەتی سوودانیدا، سەدرییەکان لە دۆخی بێدەنگیی سیاسی و بایکۆت و خۆخواردنەوەدان و ئەگەر هەیە هەر كات دۆخەكە بشێوێننەوە. لە پەنا ئەوانیشدا جموجۆڵێکی هەستپێکراوی گرووپ و حزبە نوێیەکان لە ئارادایە کە ڕێوشوێنەکانی هاتنەسەرکاری سوودانی بە گوێرەی نەریتی پشکبپشکێنە ڕەت دەکەنەوە. ئەمەیش وەك بۆمبێكی تەوقیتكراوە لە بەردەم حكوومەتدا.
ـ لایەنە شیعەکانی چوارچێوەی ههماهەنگی، سەرباری نزیکییان لە ئایدیۆلۆژیا و دروشم و ئامانج، لە بەرژەوەندی و دابەشکردنی دەستکەوتەکاندا بەریەککەوتن و ناجۆریی زۆریان هەیە. ناكۆكییە ناوخۆیییەكانیش ڕێگر دەبێت لە خۆتەرخانكردن و یەكلابوونەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
توێژینەوەكە ئاماژە بەوە دەكات بە بۆچوونی سەرۆكوەزیرانی نوێ، ئهگهر بەغدا و هەولێر لەسەر مەرجەعییەتی دهستوور ڕێك بكهون، "تهواوی كێشهكانی نێوان ههولێر و بهغدا چارهسهرییان ههیه"، هەروەها باسی لەوەیش كردووە، "خواستێكی ڕاستهقینه ههیه بۆ چارهسهركردنی كێشهكان له ههردوو لا"، بەم هۆیەیشەوە گهشبینە بۆ گهیشتن به چارهسهری كێشهكان.
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی حكوومەتی سوودانییش دانانی نەخشەی كاتییە بۆ چارەسەركردنی زۆرێك لە ئەگەر و پێشهاتەكان، لەناو ئەوانەیشدا پرسە پەیوەندیدارەكان بە هەرێمی كوردستان. هەروەها بهرنامهی كاری حكوومەتەكە كات و وادەی زۆری تێدایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام هەمیشە لە دنیای سیاسەتدا وەها باوە كە "شەیتان لە وردەكاریدایە." بەشی زۆری ناكۆكییەكانیش لە ڕاڤە دژیەك و جیاوازەكان بۆ دەستوورەوە سەرچاوە دەگرن، بەتایبەت پاش ئەوەی لە ناوەڕاستی شوباتی 2021 دادگهی فیدراڵی لە پێگەیەكی باڵا و بە شێوەیەكی بنجبڕ لێكدانەوەی حكوومەتی فیدراڵیی لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە، پێچەوانەی لێكدانەوەی هەرێم پەسەند كرد؛ ئەم دۆسیەیەیش جومگەیەكی هەرە سەرەكیی ناكۆكییەكانی هەردوو لایە لە ساڵی 2007 بەدواوە.