ناس کورد-
قایمقامى سلێمانى رایگەیاند، رێوشوێنەکان بۆ دانانى سیستەمى غاز لەماڵان تونددەکرێنەوە بەجۆرێک دانانى سیستەمەکە پێویستى بە رێگەپێدانى لایەنە پەیوەندیدارەکان هەبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاوات محەمەد (18-11-2022) لە لێدوانێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، تیمەکان سەرقاڵى لابردنى سەقفى سێیەم و ئەرزى خانووە رووخاوەکەن، دواى ئەوەى سەقفى یەکەم و دووەمى لابران.
وتیشى دانانى سیستەمى غازى شۆفاژ لەهەرێم تازەیە و بەشێکى زۆرى ماڵەکان بەکاریدەهێنن، بەڵام پێویست دەکات رێوشوێن و رێنمایی نوێى دەرچێت.
ئاوات محەمەد باسى لەوەشکرد، کەمێکى تر وەزیرى ناوخۆ دێتە سلێمانى و یەکێک لەو پرسانەى لەگەڵى تاوتوێی دەکەن دانانى رێوشوێنى توندە بۆ دانانى ئەو سیستەمە لەناو ماڵاندا.
رونیشیکردەوە، رێنماییەکان بەجۆرێک دەبن کە دانانى ئەو سیستەمە پێویستى بە رێگەپێدان هەبێت لەلایەن شارەوانى و بەرگرى شارستانەوە، لەرێگەى ئەو کۆمپانیایانەوە کە رێگەپێدراون دابنرێت.
قایمقامى سلێمانى داواشى لەو هاوڵاتییانە کرد کە سیستەمەکەیان داناوە و هێشتا کاریان پێنەکردووە، کارى پێنەکەن تا لەرێگەى کۆمپانیاى تایبەتمەندەوە چێک دەکرێتەوە.