ناس کورد-
فەڕەنسا و بەریتانیا ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتنێکی نوێیان واژۆ کرد بۆ ئەوەی پێکەوە کار بکەن بۆ ڕاگرتنی کۆچبەران کە بە بەلەمی بچووک بەرەو ئینگلتەرا دەپەڕنەوە و گرژییەکی زۆری لە نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێدا دروست کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لە پاریس لە نێوان جیراڵد دارمانان وەزیری ناوخۆی فەرەنسا و سوێلا براڤەرمان هاوتا بەریتانیەکەی واژۆ کرا، بەریتانیا لە ساڵانی 2022-2023 بڕی 72.2 ملیۆن یۆرۆ (74.5 ملیۆن دۆلار) دەداتە فەرەنسا، بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ژمارەی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بە ڕێژەی 40% زیاد بکەن (350 پۆلیس و پاسەوان) کە لە کەناراوەکانی باکووری فەرەنسا جێگیر دەکرێن، بەپێی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا.
ئەم ڕێککەوتنە دوای ئەوە هات کە وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاند لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی ئەو کۆچبەرە نائاساییانەی کە لە کەناڵى ئاوییەوە تێپەڕیون، 40 هەزار کۆچبەریان تێپەڕاندووە کە ژمارەیەکی پێوانەییە.
لە دەقی ڕێککەوتنەکەدا لەندەن و پاریس جەختیان کردووەتەوە لەسەر جێگیرکردنى سەرچاوە مرۆیی و تەکنەلۆژییەکان لەوانەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کەناراوەکانی فەرەنسا، بۆ دۆزینەوە و چاودێری و ڕێگریکردن لە بەلەمەکان.
هەروەها هەردوو وڵات دەیانەوێت زانیاری لەبارەى کۆچبەرانەوە کۆبکەنەوە و بەکاریان بهێنن، بەمەبەستی باشتر هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی قاچاخچى.
هەر بەپێی ڕێککەوتنەکە، بۆ یەکەمجار تیمی چاودێریی لە هەردوو دیوی کەناڵەکەدا جێگیر دەکرێن بە مەبەستی زیادکردنی ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
هەروەها سەنتەری پێشوازی بۆ کۆچبەران لە باشووری فەرەنسا دادەمەزرێنرێت، بۆ ڕێگریکردن لەو کۆچبەرانەی کە دەریای ناوەڕاستیان بەزاندووە و هەوڵدەدەن بگەنە بەندەری کالێ لە باکوری فەرەنسا.
ڕێککەوتنەکە دوای ساڵێک لە گیان لەدەستدانی 27 کۆچبەر لە 24ی تشرینى دووەمدا واژۆ کرا.
لە ساڵی ٢٠١٤ەوە زیاتر لە ٢٠٠ کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئینگلتەرا لە باکوری فەرەنساوە گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون، ئەوەش بەپێی ڕێکخراوی کۆچى نێودەوڵەتی.