ناس کورد-
نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، بەحوکمى 50%ى بەشەکەى خۆى سوپاسى مەسرور بارزانى دەکات کە پیرۆزبایی ساڵیادى دامەزراندنى سلێمانى کرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نیچیرڤان بارزانى لەوتارێکدا لە مەراسیمی راگەیاندنی ئینستیتیوتی نوێگەری کوردستان (دووشەممە 14-11-2022) ڕایگەیاند، "سەرۆک وەزیران لە قسەکانى خۆى پیرۆزبایی دامەزراندنى شارى سلێمانى کرد، بە حوکمى 50%ى بەشەکەى خۆم سوپاسى سەرۆک وەزیران دەکەم".
وتیشى "خۆشم پیرۆزبایی لە شارى سلێمانى و خەڵکى سلێمانى دەکەم".
نێچیرڤان ئیدریس بارزانی، ٢١ی ئەیلوولی ١٩٦٦ لە بارزان لە دایک بووە و دایکى خەڵکى سلێمانییە.
مەسرور بارزانی، لە وتارێکیدا لە مەراسیمی راگەیاندنی ئینستیتیوتی نوێگەری کوردستان (دووشەممە 14-11-2022) ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ یادی 238 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلیمانی خۆشەویستە و بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خۆمان و خەڵکی سلێمانی و هەموو کوردستانیان دەکەم".
ئاماژەی بەوەشکرد، " شاری سلێمانی لە مێژووی خەبات و تێكۆشانی گەلەکەماندا پێگەیەکی بەرچاو و بەرجەستەی هەیە، شاری هەڵمەت و قوربانی و پایتەختی رۆشنبیریمان شایستەی باشترین خزمەتە."
سەرۆکی حکومەت باسی لەوەشکرد، "هیواخوازم بە هاوکاری دڵسۆزانی گەلی کورد نیگەرانییەکانی خەڵکی شاری سلێمانی بڕەوێنینەوە و دوور لە دەستوەردانی حزبی و تاکڕەوی یاسا سەرەوەر بێت و هەموو بەربەستەکان بەلاوە بنێین، تاوەکو بتوانین لەڕووی ئیداری و ئاوەدانی گرنگیەکی زیاتر بە سلێمانی بدەین کە لە ئاست پێگەی رەسەنی ئەم شارە بێت".