ناس کورد-
هاتوچۆى سلێمانى وردەکاریی دەرکردنى مۆڵەتى شۆفێرى بە سیستەمى نوێ و گۆڕانکاریی نرخەکانى راگەیاند، دواى ئەوەى سیستەمەکە بەفەرمى کەوتەکار.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەقید شیلان عوسمان بەڕێوەبەری بەشی مۆڵەت لە هاتوچۆى سلێمانى (14-11-2022) بە "ناس کورد" ى راگەیاند "ئەمڕۆ سیستەمى نوێی مۆڵەتى شۆفێرى کەوتەکار و رۆژانە ٣٢٠ بۆ ٣٤٠ مۆڵەتی شۆفێری بە هەموو جۆرەکانیەوە مامەڵەکانیان ڕایی دەکرێت".
رونیشیکردەوە "ئێستا بەشێوازێکى ئەلیکترۆنى کارەکان رای دەکرێت و مۆڵەتەکان بەشێوەى پلاستیکى دەدرێت بە هاوڵاتییان"
لەبارەى نرخەکانەوە، عەقید شیلان دەڵێت، رسوماتى مۆڵەت پێدان و تازەکردنەوە و بەسەرچوون 50 هەزار دینارە، بۆ ونبوون 60 هەزار دینارە.
دەشڵێت، لەئێستادا تەنها کار بۆ ئەو هاوڵاتییانە دەکرێت کە مۆڵەتیان بەسەرچووە یان تازە دەیانەوێت مۆڵەت دەربکەن، ئەوانەى مۆڵەتیان بەسەر نەچووە پێویست ناکات نوێی بکەنەوە.
بەوتەى عەقید شیلان، پڕۆسەى دەرکردنى هەر مۆڵەتێک بە سیستەمى نوێ لەئێستادا 15-20 خولەکى پێدەچێت.
باسى لەوەشکرد، ئەوانەى مۆڵەتەکانیان بەسەردەچێت لەناوخۆى هەرێمن ماوەى مانگێک مۆڵەتیان هەیە بۆ تازەکردنەوەى بەبێ ئەوەى سزاى پێبژاردن بیانگرێتەوە، بۆ ئەوانەشى لەدەرەوەى هەرێمن دوو مانگ مۆڵەتیان پێدەدرێت.