ناس کورد-
حکومەتی سوید دەیەوێت پێداچوونەوە بە چۆنێتی وەرگرتنی پەنابەران و مامەڵەکانیان بکات و پلانی داناوە چەندین ناوەندی کاتی دروستبکات و کەمپ و ماڵی پەنابەران نەهێڵێت، ئەوەش بۆ خێراترکردنی پرۆسەی وەرگرتن یاخود ناردنەوەی پەنابەران.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە وڵاتی سوید، چەندین ناوەندی کاتی بۆ وەرگرتنی پەنابەران هەیە کە پەنابەران لەکاتی چوونیان بۆ ئەو وڵاتە چەند ڕۆژێک لەو ناوەندانە دەمێننەوە و دواتر دەگوێزرێنەوە بۆ کەمپ یاخود ماڵەکانی سەربە دەزگای کۆچ.
بەگوێرەی ڕادیۆی دەنگی سوید، حکومەتی سوید دەیەوێت لێکۆڵینەوە بکات لەوەی تا چۆن و بە چ شێوازێک ناوەندە کاتییەکانی وەرگرتن و گواستنەوە ببنە شوێنی مانەوەی هەمیشەیی پەنابەران تاوەکو کۆی پڕۆسەی پەنابەرێتیان پێداچوونەوەی پێ دەکرێت.
ماریا ماڵمێر ستێنەگارد، وەزیری کۆچ لە پشکی پارتی مۆدێڕات سەبارەت بە پێشنیازی هێشتنەوەی پەناخوازن لە ناوەندە کاتییەکان ڕایگەیاندووە، ئەوان دەخوازن پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەنابەران بەو شێوەیە کاریگەرتر و خێراتر بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێشتنەوەی پەنابەران لە ناوەندە کاتییەکان وادەکات پرۆەسەی پێداچوونەوە بە کەیسی ئەو پەنابەرانە باشتر و خێراتر بێت و هاوکات دەبێتەهۆی ئەوەی ئەو کەسانەی مافی پەنابەری وەرناگرن زووتر بگەڕێنرێنەوە وڵاتەکانی خۆیان.
حکومەت لەئێستادا دەیەوێت بەدواداچوون بکات بۆئەوەی بزانێت چەند ناوەندی کاتیی پێویستە و لەکوێ دروستیان بکات، بەڵام ئەوەش بووەتە جێگەی ڕەخنەی بەشێک لە چالاکوانان و پێیانوایە وەک زیندانێکی لێدێت بۆ پەنابەران.
سۆفیا ڕاسموسێن، لە ڕێکخراوی پاراستی منداڵان لە سوید دەڵێت، مەترسی ئەوە هەیە ئەو ناوەندانە بۆ منداڵان ببنە شوێنێک کە بەردەوام لە ژێرچاودێری دان و مافی ئازاد و هاتوچۆ و هەڵسوکەوتیان لێ زەوت بکرێت."