ناس کورد-
رێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان سکاڵایەکى دۆڕاند کە رۆژنامەنوسێک لەسەرى تۆمارکردبوو بەپێی یاساى مافی دەسکەوتنی زانیاریی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕێکخراوی DHRD لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ڕۆژی ١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ دوادانیشتنی دادگا بەڕێوەچوو کە تیایدا دادگا بڕیاریدا بە پابەندکردنی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بە پێدانی سەرجەم ئەو زانیاریانەی ڕۆژنامەنووسی ناوبراو داوایکردووە.
دەقى راگەیەنراوەکە:
پێشینەیەکی دادوەری گرنگ بۆ ڕۆژنامەنووسان و ھاوڵاتیان
لە چوارچێوەی کارو چالاکیەکانی ڕێکخراوی DHRD لە پێناو کاراکردنی یاسای ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠١٣یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری لە ھەرێمی کوردستان پاش ئەوەی تیمی پارێزەرانی DHRD داوایەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری دەربارەی خەرجی و داھاتی ئەم خولەی پەرلەمان لەسەر داوای ڕۆژنامەنووس (سورکێو محمد) سەرنووسەری سایتی (پەرەگراف ) و دواتر تۆمارکردنی داوای بەرایی لە دادگای بەرایی سلێمانی، پاش ئەنجامدانی چەند دانیشتنێکی دادگا و بە ئامادەبوونی نوێنەری یاسایی پەرلەمانی کوردستان ، ڕۆژی ١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ دوادانیشتنی دادگا بەڕێوەچوو کە تیایدا دادگا بڕیاریدا بە پابەندکردنی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بە پێدانی سەرجەم ئەو زانیاریانەی ڕۆژنامەنووسی ناوبراو داوایکردووە.
شیاوی باسە ھاوکات لەگەڵ ئەم داوایەدا داوای تری ھاوشێوە لەسەر سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەتی ھەرێم تۆمارکراوە لەھەمان دادگا ، بەڵام لەسەر داوای پارێزەرەکانیان داواکان گواستراونەتەوە بۆ دادگای بەرایی ھەولێرو لە ئێستادا دادبینی تیایاندا بەردەوامە.