گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناکۆکی شیعى-شیعى

راپۆرتێک: ئێران حەوت گروپى چەکدارى دروستکردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەى واشنتن لە عێراق

2022.11.10 - 08:45
App store icon Play store icon Play store icon
راپۆرتێک: ئێران حەوت گروپى چەکدارى دروستکردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەى واشنتن لە عێراق

ناس کورد-

 

رۆژنامەیەکى عێراقى بڵاویکردەوە، ئێران حەوت گروپى چەکدارى دروستکردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەى واشنتن لە عێراق.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ناکۆکی شیعى شیعى

رۆژنامەى "مەدا"ى عێراقى (10-11-2022) لە راپۆرتێکدا ئاماژەى بەوەکردوە، دۆسیەی کوشتنی چالاکوانی ئەمریکی ستیڤن ترۆل لەسەر دەستی چەکدارە نەناسراوەکان لە ناوەڕاستی بەغدا، ناکۆکییەکی شیعە و شیعەی لەسەر سیاسەتی حکومەت و چوارچێوەی هەماهەنگی بەرامبەر ئەمریکا ئاشکرا کرد.

 

چوارچێوەی هەماهەنگی پێی وایە تیرۆرکردنی هاوڵاتی بیانی لە عێراق لە ماوەی چەند ساڵێکدا پەیامێکە بۆ محەمەد سودانی، کە دەستیکردووە بە نزیکبوونەوە لە واشنتۆن.

 

ئەو ناکۆکییە نوێیە مێژوویەکی کۆنی کێشەی شیعەی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکادا ئاشکرا کرد، بەو پێیەی ئەم ناکۆکییە بووە هۆی دروستبوونی گروپی چەکدار کە دژی بۆچوونی زۆرینەی شیعەکان کاریان دەکرد.

 

ئەم گروپانە کە پێدەچێت "کردەوەکانیان ئەنجام دابێت" یان "ئاسانکاری" بۆ تیرۆرکردن و بۆردومانی بەرژەوەندییە دەرەکییەکان لە عێراق بکەن، لە سێ ساڵی ڕابردوودا دەستیان بە کارەکانیان کردووە.

 

ئەم گرووپانە کە زۆرجار ناوی وەهمیان هەڵگرتووە، لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا نزیکەی ١٢٠ هێرشیان ئەنجامداوە.

 

لەو ماوەیەدا ئەم گروپانە نزیکەی 300 مووشەک و تەقەمەنی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانە و کەمپ و فڕۆکەخانەکانی عێراق بەکارهێنا.

 

ئەم گروپانە کە ناویان لێنراوە "شانەکانى کاتیوشا"، بوونەتە هۆی داخستن و هەڕەشەکردن لە ٣ جومگەی گرنگی بیانی و نیشتمانی، لەنێویاندا کونسوڵخانە و چالاکییەکانى فڕۆکەی ئێف ١٦.

 

دوایین لێکۆڵینەوە

دوایین لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کوشتنی ترۆل گەیشتبووە ئەو ئەنجامەی کە تاران تۆمەتبارە بەڵام لێکۆڵینەوەکان تا ئێستا پشتڕاستیان نەکردووەتەوە کە تاوانباران لە ئێرانەوە هاتوون یان لە ناوەوە بوون.

 

ئەم ڕووداوە چوارچێوەی هەماهەنگیی توڕە کردووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی (مەدا) لە سەرچاوە ئاگادارەکانەوە دەستیکەوتووە.

 

محەممەد سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە یەکەم وەڵامیدا بۆ ئەو ڕووداوە، جەختی لەوە کردەوە کە دۆسیە ئەمنییەکان هێڵی سوورە.

 

سودانی لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەی ئاسایی حکومەتەکەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، "کوشتنی هاووڵاتییەکی ئەمریکی کە کار بۆ ڕێکخراوێکی فریاگوزاری و گەشەپێدان دەکات تاوانێکی ترسنۆکانەیە".

 

سودانی دووپاتی کردەوە کە نایەوێت پێش ڕووداوەکان بکەوێت، ڕوونیشی کردەوە کە قوربانییەکە "لە ساڵی 2021ەوە لە عێراق بووە و کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەش نیشانەی پرسیار دەوروژێنێت".

 

هاوکات باڵیۆزی ئەمریکا، ئالینا ڕۆمانۆڤسکی، سوپاسی گەلی عێراقی کرد بۆ "پەیامە پاڵپشتییەکان" دوای کوشتنی ترۆیل.

 

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، سەرۆک وەزیران دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی چوارچێوەی هەماهەنگی لە دروستکردنی پەیوەندی ئەرێنی لەگەڵ ئەمریکا.

 

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، "سودانی کاری کردووە بۆ باشترکردنی وێنەی چوارچێوە لە هەمان کاتدا بەڵێنی لە گروپەکان وەرگرتووە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق نەکەنە ئامانج".

 

لە بەرامبەردا واشنتۆن ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پاڵپشتیکردنی حکومەت، هەروەها مەرجی بۆ دوورخستنەوەی دۆسیە ئەمنییە هەستیارەکان و پەیوەندییە دارایی و نەوتییەکانى لە "گروپەکانى نزیک لە تاران" داناوە.

 

ڕۆژێک پێش تیرۆرکردنی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییە، تەیف سامی، وەزیری دارایی لە بارەگای وەزارەت لە بەغدا پێشوازیی لە باڵیۆزی ئەمریکا کردبوو.

 

لە بەیاننامەیەکی وەزیری داراییدا هاتووە، باڵیۆزی ئەمەریکا "بەبۆنەی دەستبەکاربوونی ئەرکەکانی وەزارەت پیرۆزبایی لە وەزیری دارایی کرد، هەروەها جەختی لە پاڵپشتی بەردەوامی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ حکومەت و گەلی عێراق کردەوە.

 

ڕۆمانسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا سێ جار سەردانی محەمەد سودانی کردووە و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کردووە و “پابەندبوونی هەردوولا بە ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی” پشتڕاستکردەوە.

 

لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پەیوەندیانەدا، ئەو گروپانەی خۆیان بە گروپى "بەرگرى" ناودەبەن، ڕێککەوتن لەسەر ڕاگرتنی هەر جۆرە هەڵچوونێک لە دژی بوونی ئەمریکا لە عێراق یان لێدان لە باڵیۆزخانەکان.

 

بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکانی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی، پشتڕاستیان کردەوە کە "هەندێک گروپ لە بڕیاری نزیکبوونەوە لە واشنتۆن ڕازی نەبوون".

 

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە "ئەو گروپانە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە جارێک جیابوونەتەوە بەهۆی هەڵوێستەکانیان بەرامبەر بە ئەمریکا".

 

ئەو سەرچاوانە ڕوونیان کردەوە کە "ئەو گروپانە لەگەڵ بۆچوونی زۆرینەی هێزە شیعەکان ناکۆکن و دوای کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژى داعش، دەستیان کرد بە بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا و جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی ئێران".

 

ناوی وەهمى

ئەم گروپانە بەبێ ناوی ڕوون کاریان دەکرد، تا دوای کوژرانی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی ئێرانی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ دەستیان کرد بە هەڵبژاردنی ناوی وەهمى.

 

گروپێک کە خۆیان بە "ئەسحابولکەهف" ناودەبەن، بەرپرسیارێتی خۆیان لە کوشتنی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییە لە ڕاگەیاندووە، وەک تۆڵەکردنەوەى کوژرانى قاسم سولەیمانى و ئەبو مەهدى موهەندیس.

 

یەکەم گروپ کە بانگەشەی هێرشکردنە سەر ناوچەی سەوزیان کردبوو بە “کاتیۆشا” لە مانگی ئایاری ٢٠١٩ بوو، خۆیان بە “یەکەکانی شەهید عەلی مەنسوور ئەلجبوری” ناوبردبوو.

 

 30 هێرش

لەماوەی شەش مانگی کۆتایی ساڵی 2019 گروپە چەکدارەکان بە نزیکەی 60 مووشەک 30 هێرشیان ئەنجامداوە.

 

ئەم هێرشانە بەشێک بوون لە هەڵکشانی گرژییەکانى نێوان تاران و واشنتۆن.

 

بۆردومانەکانی ئەو سەردەمە هەڕەشەی لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت لە بەسرە کرد، وایکرد ژمارەیەکیان کارەکانیان بەجێبهێڵن و دواتر بگەڕێنەوە.

 

لە ساڵی ٢٠٢٠ گروپە چەکدارەکان بە زیاتر لە ١٠٠ مووشەک ٦٠ هێرشیان ئەنجامدا، هاوکات عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووتر زیاتر لە جارێک گلەیی لە هەڵسوکەوتی ئەو گروپانە کردبوو.

 

لە مانگی ئایاری ئەو ساڵەدا یاخیبووان شێوازێکی نوێیان بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییە دەرەکییەکان لە عێراق زیاد کرد.

 

دەستیان کرد بە ئامانجگرتنی بارهەڵگرەکانی پاڵپشتی لۆجستی کە لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا لەسەر ڕێگا سەرەکییەکان کاریان دەکرد، و لەو کاتەوە تا ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٥٠ هێرشیان ئەنجامدا.

 

شێوازى یەمەنى

لە ساڵی ٢٠٢١دا ٢٢ هێرش بە نزیکەی ١٠٠ مووشەک و ٨ بۆردومان ئەنجامدرا، لە ناوەڕاستی ئەو ساڵەشەوە گروپەکان بە ناردنی فڕۆکەی بۆمبڕێژراوى بێ فڕۆکەوان دەستیانکرد بە بەکارهێنانی شێوازی یەمەن.

 

هێرشەکانی ئەو ساڵە بووە هۆی ڕاگرتنی کاری کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە سەرپەرشتی کارپێکردن و چاککردنەوەی فڕۆکەکانی ئێف ١٦ دەکەن، بەو پێیەی ڕاگرتنی گەشتەکان کاریگەری لەسەر هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش هەبووە.

 

لە ناوەڕاستی هەمان ساڵدا بۆ یەکەمجار “ئەسحابولکەهف” دەرکەوت، لەگەڵ ٦ گروپى نوێ، بەو پێیەی ئەم گروپانە بۆ یەکەمجار دەستیان کرد بە بەکارهێنانی ناوی وەهمى.

 

دیارترین ئەو کوتلەی کە لەو کاتەدا دوای تاکتیکێکی نوێی ئیسماعیل قائانی جێنشینی سولەیمانی کە کوتلە ناڕازییەکانی لە کۆدەنگی شیعەکانی لەخۆگرتبوو سەریان هەڵدا، بریتین لە «عصبة الثائرين، سرايا ثورە العشرين، قبضة الهدى، حركة أنصار الولاية، قوات فقار المقاومة».

 

بەدرێژایی ئەو ماوەیە، موقتەدا سەدر، عەمار حەکیم، هادی عامری، حەیدەر عەبادی و تا ڕادەیەک قەیس خەزعەلی هێرشەکانی سەر کەمپ و کۆمپانیا نەوتییەکان و باڵیۆزخانەکانیان ئیدانە کرد.

 

ئەمساڵ تائێستا کەمترین ژمارەى هێرش تۆمارکراوە، بەو پێیەی 3 جار هێرش کرایە سەر ناوچەی سەوز، هەروەها نزیکەی 5 بۆردومان کراوە نێردراوە، کە زۆربەیان بۆسەر ناوچەکانی هەولێر و سنوورەکانی کوردستان بووە.