ناس کورد-
شاندى هەرێمى کوردستان سێ پێشنیاز ڕادەستى بەغدا دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و بودجە، ئەوەش بەوتەى سەرچاوەیەکى باڵاى هەرێم.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوەکە (9-11-2022) بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هەرێم داوای ڕێککەوتن لەسەر بودجە لە عێراق دەکات، داوادەکات 17% پشکە بودجەکەی بۆ بگێڕدرێتەوە، گەر بەغدا ڕازی نەبێت، هەرێم داوای 14%دەکات."
وتیشى داواکاریەکی تری هەرێم لە بەغدا، دابینکردنی بودجەیە بۆ پێشمەرگە وەکو بەشێک لە سیستمی بەرگری عێراق، هەروەها داوا لە بەغداش دەکرێت، چیتر ناکۆکی سیاسی تێکەڵ بە مەسەلەی دارایی نەکرێت.
بەوتەى سەرچاوەکە "هەرێم دەیەوێت قەرزەکانی لەگەڵ بەغدا تەسفیە بکات، بەتایبەت عێراق لە ساڵی 2014 ەوە بودجەی نەداوەتە هەرێم، عێراقیش داوای داهات لە هەرێم دەکات."
سەبارەت بە پێشبینی بەرپرسانی هەرێم بۆ ئاراستەی گفتووگۆکانیان لەگەڵ عێراق، سەرچاوەکە وتی"ڕەنگە دواجار لەسەر ژمارەیەک واتە بڕە پارەیەک ڕێکبکەوین، کە بەغدا بۆ هەرێمی ڕەوانە بکات."
شاندەکەى هەرێم بڕیارە هەفتەى داهاتوو سەردانى بەغدا بکات و ئەمڕۆش ئەنجومەنى وەزیران ناوى ئەندامانى شاندەکەى دیاریکرد.
شاندەکە پێکدێت لە، وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و وتەبێژی حکومەت.
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم (9-11-2022) شاندەکەى راسپارد لە چوارچێوەی مافە دەستورییەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، لە نزیکترین کاتدا، دەست بە گفتوگۆ بکەن و جەخت لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی فیدڕاڵی و ئەو رێکەوتنە سیاسییەی کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەردرا کرایەوە.