ناس کورد-
وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا لە پێناو بەدەستهێنانی بەشە بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچنە بەغدا و کونسوڵخانەی ئەمەریکاش دەڵێت، هاوکاریان دەبن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی 2022/11/7، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە شاندێکی کونسوڵخانەی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە هەولێر کرد کە پێکهاتبوون لە (زەهرا بێل) جێگری سەرۆک کونسول و (هیث بەیلی) سەرۆکی بەشی ئابووری.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی دارایی، له سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری ڕایگەیاند، " ئێمە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی حکومەتی نوێی عێراق دەبین، بەو هیوایەین لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا بتوانین مافە ڕەواکانی گەلی کورد بەدەست بهێنین".
هاوکات سەبارەت بە سەردانی کردنی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی و ئابوری کە لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی بەغدا دەکەن، وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەکردووە، "ئێمە لە پێناو بەدەستهێنانی بەشە بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچینە بەغدا، هیوادارین سەرەتایەکی باش هەبێت بۆ لێک تێگەیشتنی دانوستانەکان بۆ ئەوەی مافەکانی گەلی کورد بەپارێزراوی بەدی بێت."
زیاتر بخوێنەرەوە؛ حکومەتى هەرێم: بەغدا 400 ملیار دینار دەنێرێت
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، وەزیری دارایی، جەختیشیکردووەتەوە، " ئامانجمان گفتوگۆکردنە لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 وە، هاوکات دەبێت بەپێی دەستوور دۆسیەی نەوت و غاز چارەسەر بکرێت."
ئەوەش هاتووە، "لای خۆشیانەوە شاندی میوان، سوپاس وخۆشحاڵی خۆیان بە دید و بۆچونەکانی وەزیری دارایی دەربڕی ئەوەشیان نەشاردەوە کە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری ڕێککەوتن و لێک تێگەیشتنی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان دەکەن."