ناس کورد-
بەوتەی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور ساڵێكی تر بەغدا بۆری نەوتی خۆی لەوەی هەرێم جیا دەكاتەوە و پارەی هەناردەکردن بە هەرێمی کوردستان نادات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بورکان حەسەن، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور کە سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقە (دووشەممە 7-11-2022) بە ماڵپەڕی "جەممار"ی وتووە، " لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا کارەکانی چاککردنەوەی بۆری کەرکوک - جەیهان تەواو دەبێت و ناردنی نەوتیش لێوەی دەستپێدەکات."
ئەو هێڵە پێکدێت لە دوو بۆری کە توانای هەناردەکردنی یەک ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە ڕۆژێکدا، پێش ساڵی 2014 ئەو بۆرییە کراوەتە ئامانج و لە چەند شوێنێکدا تەقێندراوەتەوە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور دەڵێت، " لە ئێستادا کارمەندەکانمان سەرقاڵی چاکسازین و لە سەرەتای ساڵی 2023 کارەکانیان تەواو دەکەن، لەدوای ئەوەشی کە بۆرییەکەمان چاککردەوە، پارەی هەناردەکردن بە هەرێمی کوردستان نادەین."
کۆمپانیای نەوتی باکور بەرپرسە لە کێڵگەکانی کەرکوک و سەڵاحەدین و نەینەوا، ڕۆژانە 350 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت، لەو ڕێژەیەش 100 هەزار بەرمیل لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت.