ناس کورد-
سەڵاح رەشید نوسەرى بیرەوەرییەکانى مام جەلال رایگەیاند، بروسکە و نامەکانی نێوان بارزانی و تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا بڵاو دەکاتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەڵاح رەشید (7-11-2022) لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەى بەوەکردووە، لە نێوان ١٧-٢٦/١١/٢٠٢٢ چوارەمین پێشنگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی دەکرێتەوە و لەوێش کتێبێ بەندە بە ناوی ( بروسکە نامە – نامە و بروسکەی نێوان مام جەلال، مەسعود بارزانی و نەشیروان مستەفا، ١٩٩٠ -٢٠٠٩) بڵاودەبێتەوە.
دەشڵێت، زۆربەى ئەم نامە و بروسکانە، نزیکی چارەکە سەدەیەک لەمەوبەر نوسراون و بڵاوکردنەوەیان هیچ لێکەوتە و کاریگەریەکى لەسەر دۆخى سیاسى و پەیوەندیەکانى ئێستاى ناوخۆى کوردستان نابێت.
دەقى بڵاوکراوەکە:
هاورێیان سڵاو
لە نێوان ١٧-٢٦/١١/٢٠٢٢ چوارەمین پێشنگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی دەکرێتەوە و لەوێش کتێبێ بەندە بە ناوی ( بروسکە نامە – نامە و بروسکەی نێوان مام جەلال، مەسعود بارزانی و نەشیروان مستەفا، ١٩٩٠ -٢٠٠٩) بڵاودەبێتەوە.
ئەم کتێبە کۆمەڵێک نامە و بروسکەی نێوان ئەو سێ سەرکردەیە لەخۆدەگرێت، کە لەکات و شوێن و بۆنەو ڕووداوى جیاوازدا نووسراون و بۆ یەکتریان ناردووە. زۆربەى ئەم نامە و بروسکانە، نزیکی چارەکە سەدەیەک لەمەوبەر نوسراون و بڵاوکردنەوەیان هیچ لێکەوتە و کاریگەریەکى لەسەر دۆخى سیاسى و پەیوەندیەکانى ئێستاى ناوخۆى کوردستان نابێت، پێشتریش بەشێکیی زۆریان لە گۆڤار و کتێبی جۆراوجۆردا بڵاوکراوەنەتەوە.
ئەم کتێبە، ئاوێنەیەکە بۆ ڕوونکردنەوەى دیوی نادیار و ڕانەگەیەندراوى پەیوەندی نێوانى یەکێتی و پارتی و هێز و لایەنەکانی تر لە کاتی شەڕ و ئاشتیدا، دەروازەیەکە بۆ تێگەیشتن لەو جیاوازیەى لە زمان و قەڵەمى نووسینى نێوان براکاندا لەکاتی شەڕ و ئاشتیدا دەبینرێ، هەنگاوێکە بۆ دۆکۆمێنتکردنى بەشێک لە ڕووداو و پەیوەندى کارەکتەرەدیارەکانى شۆڕش و مێژووى نزیکى بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد بۆ توێژەر و خوێندکاران و ناوەندەکانى لێکۆڵینەوە.
هیچ لایەن و هێز و بەڕێزێک بەدەر نیە لە هەڵوێستی باش و جوامێری و ئازایەتی و قوربانیدان. ئەو کاکانە نوێنەری چەندەها هێزی سیاسی بوون و هەموو هەوڵێکیان داوە کە هێزەکەیان باڵادەست بێت و سەرکەوتوبێت، بۆ ئەمەش زۆر ڕێگایان گرتۆتەبەر کە بەشێکیان ڕێگای نیشتیمانینان پێناوترێت و ناچنە خزمەتى بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانەوە، بەڵکو تەنها و تەنها لە بەرژەوەندی تەسکی حیزبەکانی خۆیاندا بووە. ئەمە تەنها هێزێکی سیاسی ناگرێتەوە، بەڵکو بەپێی پێگە و کاریگەریان هەموو حزبەکان تێوەگلاون کە هەندێکیان لە هەندێ قۆناغدا هەموو سنوورێکی نیشتیمانییان تێپەراندوە بۆ بەرژوەندی حیزبی تەسک و هەندێکی تریان کەمێک خەمی نیشتمان و بەرژوەندیی گشتیان رەچاوکردوە..