گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لە یادی هەڵەبجەدا وەڵامی یەکتریان دایەوە

چی لە نێوان نەجمەدینی غوڵامی و وەزیری شەهیدان و پارێزگاری هەڵەبجەدا ڕوویدا؟

2019.03.16 - 17:30
چی لە نێوان نەجمەدینی غوڵامی و وەزیری شەهیدان و پارێزگاری هەڵەبجەدا ڕوویدا؟

 

ناس كورد –شۆڕش محەمەد

 

سوپاسكردنی كۆماری ئیسلامی ئێران لەمیانەی وتارەكەی مەحمود حاجی ساڵح وەزیری شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان نیگەرانی دروست دەكات و هونەرمەندێكی دیاری كوردستان لەسەر ستەیجی مەراسیمەكە وتی "ئەو كارە لەمینبەری هەڵەبجەوە شتێكی نەشیاوە".

 

نەجمەدین غوڵامی هونەرمەندی گۆرانیبێژی دیاری كورد كە یەكێك بوو لەو هونەرمەندانەی لەمەراسیمەكەدا بەرهەمێكی هونەری پێشكەش كرد، بەر لەپێشكەشكردنی بەرهەمەكەی رەخنەی لەسوپاسكردنی كۆماری ئیسلامی ئێرانی گرت لەمیانەی وتارەكەی وەزیری شەهیدان و لەو بارەیەوە و وتی "ئەو بەڕێزەمان وەزیری شەهیدان كە باسی لەبرینێكی هەڵەبجە كرد، بەڵام برینێكی تری كولاندەوە و سوپاسی داگیركەرێكی كوردستانی كرد كە بەملیۆنەها كورد بەدەست ئەوان ئاوارە و شەهید بوون".

 

وتیشی "پێویست بەوە ناكات لەمینبەری هەڵەبجەوە سوپاسی داگیركەری كوردستان بكرێت".

 

دواتر پارێزگاری هەڵەبجە وەڵامی رەخنەكەی غوڵامی دایەوە و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەگەر لەساتی رووداوەكەدا كۆماری ئیسلامی ئێران نەبوایە ئەوا ئێستا شەهید و بریندارەكان دوو هێندە دەبوون.

 

ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە هاتە سەر ستەیجی مەراسیمەکە و وتی: "بۆ راكێشانی چاوی كامێرای بیانی و ناوچەكە بۆ كارەساتەكە كۆماری ئیسلامی ئێران رۆڵێكی مێژوویی و نیشتیمانی بۆ ئێمە هەبووە و هەتا مردن خۆمان بەسوپاسگوزاریی دەزانین".