گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوای چاوپێداخشاندنەوەی دەكرێت

كێشەی سنووریی نێوان عێراق‌و كوێت سەرهەڵدەداتەوە

2019.02.24 - 23:20
كێشەی سنووریی نێوان عێراق‌و كوێت سەرهەڵدەداتەوە

 

 

ناس كورد

پرسی كێشانەوەی سنووری نێوان عێراق‌و كوێت‌و دابەشكردنی بەندەری خۆرعەبدوڵڵا سەرلەنوێ سەری هەڵداوەتەوە‌و مشتومڕی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هێناوەتەوە ئارا.

دوای رێككەوتنی هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق‌و كوێت له‌ 25ی تشرینی دووه‌می ساڵی 2013  له‌سه‌ر كێشانه‌وه‌ی هێڵی سنووری نێوان هه‌ردوولا به‌پێی بڕیاری ژماره‌ 833ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ساڵی 1993 پاش داگیركردنی كوێت له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ له‌ ئابی 1990و دواتر كشانه‌وه‌ی عێراق له‌ شوباتی 1991دا، به‌نده‌ری خۆر عه‌بدوڵڵا له‌نێوان عێراق‌و كوێتدا دابەش كرا‌و كوێت له‌ ساڵی 2015دا بەندەری موبارەك-ی له‌و شوێنه‌دا دروستكرد.

هه‌رچه‌ندە  ئه‌و ڕێككه‌وتن‌و دابه‌شكردنه‌ له‌ كاتی خۆیدا مشتومڕێكی زۆری له‌ نێو عێراقییه‌كاندا دروست كرد‌و ئه‌وانه‌ی دژی بوون، به‌ خیانه‌تیان له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا، به‌ڵام حكومه‌تی ئه‌و كاته‌ی عێراق كه‌ نوری مالكی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد‌و په‌رله‌مان به‌رگریان له‌ بڕیاره‌كه‌ كرد‌و به‌ ته‌واوكه‌ری جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشیان دادەنا.

ئێستاش پاش نزیكه‌ی 4 ساڵ له‌و ڕووداوه‌، جارێكی تر بابه‌ته‌كه‌ هاتووه‌ته‌ بەرباس‌و جموجوڵێكی په‌رله‌مانی لەئارادایە بۆ وروژاندنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌و دووباره‌ خستنه‌وه‌ به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه.‌

په‌رله‌مانتار عالیه‌ نوسه‌یف له‌ فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی یاسا رایگه‌یاند ئێستا‌ هه‌وڵێكی په‌رله‌مانی لەئارادایە بۆ دووباره‌ خستنه‌ به‌رباس‌و لێكۆڵینه‌وه‌ لە‌و ێككه‌وتننامه‌یه‌‌و چاو پێداخشاندنه‌وه‌ی.

به‌وتەی نوسه‌یف له‌و رێككه‌وتنه‌دا مافی عێراق خوراوه‌و كوێت ده‌ستی به‌سه‌ر به‌شی زۆر‌و گه‌وره‌ی به‌نده‌ره‌كه‌دا گرتووه‌‌و ده‌بێ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی مافه‌ خوراوه‌كانی عێراق بده‌ن.

ئه‌م هه‌وڵه‌ په‌رله‌مانی‌و لێدوانه‌ ئاگرینانه‌ ئاماژه‌ن بۆ سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانێكی نوێ له‌ نێوان عێراق‌و كوێت، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ كوێت له‌ 26ی ئه‌م مانگه‌دا ئاهه‌نگی ساڵیادی ڕزگاربوون له‌ ده‌ستی داگیركاری عێراق ده‌گێڕێت.