ناس کورد-
عەبدوڵاى کوێخا موبارەک وەڵامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردەکانی یەکێتی دایەوە و دەڵێت، "عەیبەیەکی گەورەیە لەو ئاستە باڵایەی بەرپرسیارێتیدا و بەو تەمەنە زۆرەتان بوختان بکەن و بکەونە داوی ئەو فەوزا و مناڵبازاڕیەوە کە لە سیاسەت و سۆشیال میدیا دەگوزەرێ."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەبدوڵاى کوێخا موبارەک لە ڕوونکردنەوەیەکدا (4ی تشریی دووەمی 2022) دەڵێت، "لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا چەندین سەرکردەی یەکێتی وەکو شێخ جەعفەر، جەمیل ھەورامی، حەسیبە عەبدوڵلا لە تەلەفیزۆنی حزبەکەیانەوە و لە ڕوونکردنەوەی فەرمی مەکتەبی سیاسی یەکێتیشدا باسی ئێمە و ئەو ڕووداوەیان کرد کە لە چەمچەماڵ ڕوویدا و ئێمەی پێ تۆمەتبار کراین و سکاڵامان لێکرا، ھەمویان زۆر بە موسەیتەری وا باسیانکرد کە ڕووداوەکە بە ڕۆژی ڕووناک و بە ئاشکرا بووە، وەکو تاوانبار و تیرۆریست باسی ئێمەیان کردووە نەک تۆمەتبار، باسی ئەوەیان کرد کە ئێمە نەچوینەتە دادگا، پارتی دیموکراتیان بەوە تۆمەتبار کرد کە داڵدەی ئێمەی دابێت لە ھەولێر و بەو ھۆیەوە فەوجی بۆمان کردبێتەوە".
عەبدوڵاى کوێخا موبارەک لە چەند خاڵێکدا وەڵامەکەی کورت کردووەتەوە؛
یەکەم: ئەو ڕووداوە بە ڕۆژی ڕووناک نەبووە و کاتژمێر دەی شەو بووە لە گەڕەکێکی تا ڕادەیە چۆڵ و بێ کامێرا، بچوکترین بەڵگە و دەلیل نیە کە چۆن و کێ ئەو کارمەندەی ئاسایشی کوشتووە.
دووەم: ئێمە لە دادگا یاخی نەبووین و ھەموو ئەوانەی کە سکاڵامان لێکراوە بە زووی چوینەتە دادگا و بەھۆی نەبوونی ھیچ بەڵگە و دەلیلێک لەسەرمان لە ١٤/٦/٢٠٢٢ ئازاد کراوین.
سێیەم: ئێمە لە چەمچەماڵ نەڕۆیشتوین تا پارتی داڵدەمانی دابێت لە ھەولێر.
چوارەم: باسی ئەوە دەکەن لە دوای ئەو ڕووداوە پارتی فەوجی دابێت بە من، یەکەم من تا ئێستا ھیچ پلە و پۆستێکی سیاسی و سەربازی و حکومیم وەرنەگرتووە و بە نیازی پلە و پۆستیش نیم، دووەم ئەو فەوجە نۆ مانگ پێش ئەو ڕووداوە دروستکرا نەک دوای ڕووداوەکە، ئەو فەوجە بۆ من نەبوو، بەڵکو بۆ دامەزراندنەوەی ئەو گەنجانە بوو کە ئێوە لە ئەنجامی ململانێی سیاسی نێوان خۆتان و بزوتنەوەی گۆڕاندا سزایانتان دا و نانبڕاویانتان کرد، توانیمان ٦٠٠ گەنجی سنوری چەمچەماڵ لەسەر میلاک و لەسەر دەستی پارتی دابمەزرێنین.
پێنجەم: ئەو کارمەندەی ئاسایش ھەرچۆنێک کوژرابێت کەسوکاری وەکو کێشەیەکی کۆمەڵایەتی سکاڵایان تۆمار کردووە، نەک وەکو کێشەی سیاسی و ئەمنی و تیرۆر تا ئێوە بێن تێکەڵ بە ململانێی سیاسی و کارە تیرۆریستیەکانی گروپەکانی ناو حزبەکەی خۆتانی بکەن، بەم ڕەفتارەتان ئەم ڕووداوەش ئەبێتە گومانێکی تر لەسەر ئێوە و گروپە تیرۆریستەکانی ناو حزبەکەتان.