ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى رایگەیاند، شێخ جەعفەر و مێژووی خەباتی و سەرجەم فەرماندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەک بەراورد ناکرێن، بەڵکو لای ئەو هێڵی سوورن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بافڵ تاڵەبانى (2-11-2022) لە راگەیەنراوێکى کورتدا وتى "شێخ جەعفەر و مێژووی خەباتی و سەرجەم فەرماندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەک بەراورد ناکرێن، بەڵکو لای من هێڵی سوورن، قسەکردنتان لەسەر هێڵی سوورمان وەڵامێکی چاوەڕواننەکراوی ئەبێت!".
قسەکانى بافڵ تاڵەبانى دواى وەڵامەکەى مەکتەبی سیاسی پارتى هات بۆ قسەکانى شێخ جەعفەر مستەفا جێگرى سەرۆکى هەرێم و ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى سیاسی و بەرژەوەندى یەکێتى لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا کە تێیدا جەختیکردەوە دۆخى پارتى و یەکێتى گەیشتووەتە لێکترازان و بەرەو شەڕى ناوخۆ هەنگاو دەنێت.
مەکتەبى سیاسی پارتى (2-11-2022) لەراگەیەنراوێکدا، شێخ جەعفەر و بەرپرسانى یەکێتى تۆمەتبارکرد بەوەى كە دەیانەوێت "سەرنجی ئەندام و كادیرانی حزبەكەیان لەسەر كێشە ناوخۆییەكان لابدەن، بە دروستكردنی ئاڵۆزی لە پڕۆسەی سیاسیی كوردستاندا".
لەبەرانبەردا مەکتەبی سیاسی یەکێتى لە وەڵامێکدا بۆ مەکتەبى سیاسی پارتى جەختیکردەوە، "لە پێناو پەرژەوەندی گشتیدا، یەكێتیی بووە هەمیشە نەرمی نواندووەو لەزۆر مافی خۆمان خۆشبووین، بەڵام ناکرێ تا سەر بێدەنگ بین لە سیاسەتی جیاكاری و ئابڵوقەی دوژمنكارانە بەرامبەر خەڵكی ناوچەكانی ئەم دیو دێگەڵە".