ناس کورد-
وەزیرى دارایی هەرێم لەگەڵ چوار بەرپرسی باڵاى ئیدارى لەپارێزگاى سلێمانى کۆبووەوە و جەختیکردەوە لەسەر ھاوکاری و ھەماھەنگی پێویست لەپێناو چارەسەرکردنی گرفتەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتى دارایی (2-11-2022) کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، وەزیرى دارایی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و بەڕێوەبەری گەنجینەی یەکی سلێمانی و سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی کۆبووەتەوە.
دەقى راگەیەنراوەکە:
وەزیری دارایی بەدواداچون بۆ کێشەی تەندروستی و بازرگانان دەکات
وەزیری دارایی و ئابوری لە سلێمانی بەدواداچون بۆ گرفت و لەمپەرەکانی بەردەم کەرتی تەندروستی و ھاوڵاتیان و بازرگان و کاسبکارانی ناوبازار دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/١١/٢ بەڕێز ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێم، لە ئۆفیسی تایبەتی خۆی شاری سلێمانی لەگەڵ ھەریەک لە بەڕێوەبەری گشتی بانکی ھەرێم/ سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و بەڕێوەبەری گەنجینەی یەکی سلێمانی و سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی ئەو پارێزگایە کۆبوەوە.
کۆبونەوەکەی بەڕێز وەزیری دارایی لەگەڵ بەرپرسی یەکەی تەندروستی تایبەت بوو بەو گرفت و ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی ئەو سێکتەرە بوەتەوە و ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگی پێویست لەپێناو چارەسەرکردنی گرفتەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانی سنوری پارێزگاکە بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی ھاوڵاتیان بەگشتی.
ھاوکات بەشێکی تر لە کۆبونەوەکە کە بە ئامادەبونی بەڕێوەبەری گشتی بانکی ھەرێم/ سلێمانی و سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی و ژمارەیەک بازرگان بەڕێوەچوو، بەڕێز وەزیری دارایی و ئابوری ھاوشێوەی کۆبونەوەکانی پێشوتر جەختی کردەوە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان ھەماھەنگ و ھۆکار دەبن بۆ ڕەخساندنی پانتایی زیاتری بازرگانی و نەھێشتنی ڕۆتین بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی ئەو کێشە و لەمپەرانەی بونەتە ئاستەنگ و بار بەسەرشانی ھاوڵاتیان بەگشتی و بازرگانان و خاوەن پیشەکانی ناو بازاڕەکان.