ناس کورد-
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزایی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕایگەیاند، تا ئێستا لە سلێمانی بەهۆی کەمتەرخەمی یەکە کارگێڕییەکان نەوت دابەشنەکراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فەلاح سەید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی کانزایی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە میدیای پارتی (1ی تشرینی دووەمی 2022) سەبارەت بە دابەشنەکردنی نەوت لە سلێمانی ڕایگەیاند، "نزیکەی هەشت ملیۆن لیتر نەوت لە عەمبارەکانی سلێمانی بۆ دابەشکردن ئامادەیە، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی هەماهەنگ نییە."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سروشتیییەکان باس لەوەدەکات، دابەشکردنی نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و تا ئێستا، لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی پێنج ملیۆن لیتر نەوت، لە سنووری پارێزگای دهۆک نزیکەی هەشت ملیۆن لیتر نەوت و لە گەرمیان نزیکەی 240 هەزار لیتر نەوت دابەشکراوە.
ڕاشیگەیاند، "دوای تەواوبوونی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان دواتر دابەشکردن لە دەوروبەر و سەنتەری شارەکان دەستپێدەکات."
گوتیشی، "هەر ماڵێک 200 لیتر نەوتی بە 100 هەزار دینار پێدەدرێت، ئەو نەوتەی ئێستا دابەش دەکرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە بە تێچووی 59 ملیار دینار پاڵپشتی کراوە و، بۆ دابەشکردن ئێستا پێویستمان بە 254 ملیۆن لیتر نەوتە."