ناس کورد-
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، هێرش دەکاتەسەر خزمێکی نزیکی خۆی و دەڵێت، "یەکێک لەخزمە نزیکەکانم ببووە پیاوی ساواک و دوای روخانی شاش بەردەوام بوو لەگەڵ ئیتیلاعاتی ئێران و تا ئێستاش هەر بەردەوامە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەکتێبە نوێکەیدا "بەرگی چوارەمی – بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد" بەبێ ئەوەی ناوی کەسەکە بهێنێت ئاماژە بە یەکێک لەخزمە نزیکەکاکنی دەکات و دەڵێت، "پێشتر پیاوی ساواک و ئێستاش پیاوی ئیتیلاعاتە."
ئاماژەکردن بە خزمێکی خۆی بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت، لەلایەن مەسعود بارزانییەوە، لەکاتێکدایە، ئەدهەم بارزانی کە نەوەی شێخ ئەحمەدی بارزان و ئامۆزای مەسعود بارزانییە، یەکێکە لەکەسایەتییە دیارەکانی ناو بارزانییەکان و پێشتر ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بووە و لە هەشتاکانی سەدەی رابردووشدا سەرکردەی حزبوڵای شۆڕشگێڕی کورد بووە، ماوەیەکە رەخنە لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی مامەڵە کردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ رووداوەکاندا دەگرێت.
مەسعود بارزانی لەبەشێکی کتێبەکەیدا کە "ئاوێنە" بڵاویکردووەتەوە، سەبارەت بە حزبوڵای شۆڕشگێڕی کورد کە ئەدهەم بارزانی، ئامۆزای مەسعود بارانی سەرکردەی بووە، نوسیویەتی، "ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئێران لەژێر چاودێریی راستەوخۆی مەحمودی هاشمی و زولقەدردا، رێکخستنێکیان بەناوی حزبوڵا دامەزراند و هەموو جۆرە یارمەتییەکیان داو وایان لێکدابوەوە کە حزبوڵڵا دەبێتە بەدیل و ئەلتەرناتیڤی پارتی، لەناو حزبوڵڵاشدا دوو بۆچوون هەبوون، بەشێکیان وایان زانی ئێمە ئاگاداری بابەتەکەین و ئەمە دابەشبوونی ڕۆڵەکانە (کە وا نەبوو فڕی بەسەر ڕاستییەوە نەبوو)، کاتێکیش زانییان ئەم رێکخستنە بۆ دژایەتیکردنی پارتییە، زۆربەیان وازیان هێناو کشانەوە، ژمارەیەکی تر لەپێناو دەستخستنی پارەو پلە بەدوایان کەوتن و بەشێکی تریش بەڕاستی نیازێکی خراپیان هەبوو دژی پارتی، بەڵام سەرنەکەوتن، کاتێک ئێران هەستی کرد کە کاریگەرییان وەک پێویست نییە هیوای پێیان نەما و دواتر توانەوە".
هاوکات ڕووداوێکی دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "ئیبراهیم گاباری کە کوردێکی ڕۆژئاوای کوردستانە، لەلایەن عەدنان دەباغ وەزیری ناوخۆی سوریاوە لەشاری کەرەج سەردانی کردم و پەیامێکی زارەکیی حکومەتی سوریای لەڕێگەی وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەوە پێ راگەیاندم کە ئامادەن بۆ دروست کردنی پەیوەندی لەنێوان پارتی و سوریا".
بارزانی ئاماژەی بەوەکردووە، کاتێک ئیبراهیم گاباری دوای دوو سێ رۆژ دەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ دیمەشق لەڕێگەی فڕۆکەخانە ساواک دەستگیری دەکەن، پاشان مۆبینی گەورە بەرپرسی ساواک و یەکێک لەڕاوێژکارانی نەسیری سەرۆکی ساواک، تەلەفۆن بۆ مەسعود بارزانی دەکات کە لەکەرەجەوە بچێت بۆ تاران و پاش گەیشتنی بە ئوتومبێلێکی جام تاریک دەیبەن بۆ شوێنێکی نەزانراو کە ئیبراهیم گاباری تیا بەند کراوە، لەوێ بەرپرسانی ساواک ئاگاداری مەسعود بارزانی دەکەنەوە واز لەچالاکی و کاری سیاسی بهێنێت چونکە لێی قبوڵ ناکرێت و پێیدەڵێن ئیبراهیم گاباری بۆ هاتوە و لەماڵی کێ بوە؟ ئەویش دەڵێ پەیامی زارەکی عەدنان دەباغی پێبوەو لەماڵی من بوەو هەرچی بوە من لێی بەرپرسم، پاش ئەوەی تا 12 شەو بەبێ ئاوو خواردن ساواک دەیانهێڵنەوە، ئازادیان دەکەن.
بارزانی دەڵێت، "زۆرم پێخۆش بوو بزانم ئیبراهیم گاباری چۆن گیرا؟ هەرچەندە هاتنەکەی بەنهێننی نەبوو، بەڵکو بەپاسپۆرتی سوریو بەشێوەیەکی ئاساییو یاسایی لەفڕۆکەخانەی دیمەشقەوە هاتبووە تاران، دواتر بۆم دەرکەوت کە یەکێک لەخزمە نزیکەکانمان هەواڵی بۆ ساواک بردبوو بەگرتنی دابوو، چونکە بەداخەوە ببووە پیاوی ساواک و دوای روخانی شاش بەردەوام بوو لەگەڵ ئیتیلاعاتی ئێرانو تا ئێستاش هەر بەردەوامە."
ئەدهەم بارزانی یەکێکە لەو سیاسییە کوردانەی هەڵوێستەکانی لە دژی تورکیایە و پەیوەندیی لەگەڵ ئێرانییەکاندا بەهێزە، لەو چوارچێوەیەشدا لەماوەی ڕابردوودا چووە ئێران، بەڵام دوای ئەوەی ویستی بگەڕێتەوە، ڕێگریی لە هاتنەوەی بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەت بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی لێکرا و دواجار ڕاستەوخۆ لەئێرانەوە چووە بەغدا و لەوێشەوە بۆ سلێمانی.