ناس کورد-
پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، هەرچەندە هاووڵاتیان گلەییان لە نرخەکەی هەبوو، بەڵام دواجار نرخەکەی دانەبەزێنرا و بە 100 هەزار دینار دابەش دەکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فەلاح مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان و كانزاكان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم (دووشەممە 31-10-2022) بە میدیای فەرمیی پارتیی ڕایگەیاند، " دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی كراوە و تا ئێستا لە پارێزگای هەولێر چوار ملیۆن و 488 هەزار و 310 لیتر، لە پارێزگای سلێمانی هەشت ملیۆن لیتر، لە پارێزگای دهۆك شەش ملیۆن و 646 هەزار و 174 لیتر، لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 220 هەزار لیتر و لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەك ملیۆن و 213 هەزار و 200 لیتر نەوتی سپی بەسەر ماڵان دابەش كراوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " لە دهۆك 10 هەزار و 700 خێزان و لە گەرمیان هەزار و 100 خێزان و لە سۆران شەش هەزار و 66 خێزان، نەوتیان وەرگرتووە كە كۆی گشتی دەگاتە 17 هەزار و 866 خێزان و بۆ هەر خێزانێكیش 200 لیتر دابین كراوە. "
ئەوەشی خستووەتەڕوو، " بڕە نەوتێكی زۆر لە كۆگەكانی بەڕێوەبەڕایەتیی نەوت و كانزاكانی سلێمانی هەیە، هەر كاتێك لە ڕێی قایمقامییەتەكانەوە داوا بكەن، نەوتەكەیان بۆ دەنێردرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان و كانزاكان لەبارەی نرخی نەوتی سپی ڕایگەیاندووە، نەوتی سپی 284 هەزار دینار لەسەر حكوومەت دەكەوێت و بە نرخی پاڵپشتیكراوی 100 هەزار دینار دەدرێتە هاووڵاتییان.
ڕوونیشیکردووەتەوە، "ئێستا پرۆسەی دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان بەردەوامە، دوای ئەویش لە ناوچەكانی دەوروبەر و سەنتەری شارەكان دەست بە دابەشكردنی دەكرێت."