گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

کارەبای سلێمانی هیچ پلانێکی بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا نییە

2019.03.16 - 16:22
کارەبای سلێمانی هیچ پلانێکی بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا نییە

 

 

 

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

 

تا کۆتایی ئەم مانگە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە سنوری پارێزگای سلیمانی زیاد ناکرێت، لە ئایندەیەکی نزیکشیدا پێوەری زیرەک بۆ ماڵان دادەنرێت، ئەوەش بە وتەی وتەبێژی کارەبای سلێمانی.

سیروان محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، لە ئێستادا هیچ پلانێکیان نییە بۆ زیادکردنی کارەبا، وتیشی: "کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا تا کۆتایی ئەم مانگە وەک خۆی دەمێنیتەوە، زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەباش لە مانگی ئایندەوە پەیوەستە بە خواستی خەڵک لەسەر کارەبا و دۆخی کەشوهەوا."

لەبارەی قەرزی پارەی کارەبا کە لای هاوڵاتیانە، وتەبێژەکە جەختی کردەوە کە ئەوان هیچ فشارێک ناخەنە سەر هاوڵاتیان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانە. هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە قەیرانی دارایی زۆر هۆکار نەبووە بۆ کەڵەکەبوونی ئەو قەرزانە، "چونکە هەموو خەڵک فەرمانبەرنین، هاوڵاتی هەیە باری دارایی زۆر باشە بەڵام پارەی کارەبا نادات، زۆر کۆمپانیا هەیە بەهەمان شێوە پارەی کارەبایان نەداوە لەکاتێکدا ملیۆنان دینار داهاتیان هەیە."

هەرچی لەبارەی دانانی پێوەری زیرەکە بۆ کارەبا، سیروان محەمەد باسی لەوە کرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو پێوەری کارەبایە لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆییەوە دادەنرێت، لە ئێستاشدا سەرجەم رێکارە یاسایی و تەکنیکییەکان تەواوبوون و چاوەڕێ دەکرێت لە دوو مانگی داهاتوودا بکەونە کار.