ناس کورد-
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان پێشوازی لە باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کرد و ڕایگەیاند، لە دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەرفەتێک هاتووەتە ئاراوە بۆ ئەوەی كێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30-10-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان لە شاری هەولێر پێشوازی لە گریگۆری گالیگان، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی حکومەت، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی عێراق دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کەنەدا کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، "لە دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، دەرفەتێک هاتووەتە ئاراوە بۆ ئەوەی حکومەت بە هاوکاری هەموو لایەنەکان، خزمەتی گشت پێکهاتەکان بکات بەبێ جیاوازی، هەروەها کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش، بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و پابەندبوون بە پرنسیپەکانی هاوبەشیی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان، چارەسەر بکات."
ئەوەش هاتووە، " باڵیۆزی کەنەدا ستایشی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بەتایبەتی لە بواری بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هەنگاونان بەرەو حکومڕانیی ئەلیکترۆنی. ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەکی پێویست لەم بوارەدا."
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی و بنبڕکرنی ھەموو کارێکی تیرۆریستی و ھەروەھا کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا لە سەر ژیانی خەڵک تاوتوێ کراوە.