ناس کورد-
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق وەڵامی شاسواری عەبدولواحیدی دایەوە و چەند بەڵگەنامەیەکی لەسەر ناوبراو بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە ڕۆژێکدا سەرمایەی کۆمپانیاکەی لە ملیۆن دینارەوە کردووەتە 105 ملیار دینار.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (یەکشەممە 30-10-2022) وەڵامی شاسوار عەبدولواحیدی دایەوە و ڕایگەیاند، "ئاسانترین کار کە دژ بە بەرامبەرەکەت بیکەی ئەوەیە کە بەبێ بەڵگە تۆمەتباری بکەی بە سیخوڕی، ئەو وەک چۆن شێروان شێروانی تۆمەتبار کرد بە سیخوڕ، بەڵام ئێستا شێروان شێروانی بە ناحەق لە زیندانە، هاتووە تۆمەتی سیخوڕیش دەداتە پاڵ من، بەڵام من سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەم و دەبێت بیسەلمێنێت کە من سیخوڕم."
سۆران عومەر لە کۆنفرانسەکەدا بەڵگەنامەیەکی بەرزکردەوە و وتی، "بەگوێرەی ئەم بەڵگەنامەیە لە 6-10-2011 سەرمایەی کۆمپانیاکەی یەک ملیۆن دینار بووە، بەڵام لە یەک ڕۆژدا سەرمایەکەی کردووە بە 105 ملیار دینار، ئەوەش بە نایاسایی و بەبێ ئەوەی پارەی کاشی هەبوبێت، هەروەها 22 ملیار دیناری لە خەڵک وەرگرتووە بۆ پشکەکانی چاڤیلاند."
زیاتر بخوێنەرەوە؛ ’’کەسوکاری د. کازم زانیاریی گرنگ لەسەر نەخۆشییەکەی بڵاودەکەنەوە’’
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی سلێمانی ئەو کارەی بۆ شاسوار عەبدولواحید کردووە، دواتر دۆسییەکە برایە دادگا، کە لەسەر سەدان سکاڵای هاووڵاتیان دۆسییەکە کرابوویەوە، بەڵام دۆسییەکە داخرا، ئەگەر پیاوی دەسەڵات نەبێت چۆن دۆسییەکە دادەخرێت."
سۆران عومەر باسی لەوەشکرد، "دواتر لە 2013دا 42 ملیار دیناری بە قەرز لە داهاتی گشتی وەرگرتووە کە چووە خانووەکانی گوندی ئەڵمانیی کردووە بە ڕەهنی ئەو قەرزە لەکاتێکدا خانووەکانی فرۆشتووە بە خەڵک و هی خەڵک بووە، قەرزەکەشی بە ڕیبا وەرگرتووە و خانووی خەڵکی کردووە بە ڕەهن بۆی."