ناس کورد-
ڕاوێژکارێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، حکومەت سوورە لە گەیاندنی بۆڕیی غاز بۆ ماڵان و دەشڵێت، جگە لە ھاوردەکردنی بۆ بازاڕ، بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا و گەیاندنی بە ماڵانیش سوود لە غاز وەردەگیرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. بێوار خنسی، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بۆ کاروباری وزە (شەممە 29-10-2022) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی وتووە، "سیاسەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە زیاتر گرنگی بە کەرتی غاز بدات و بەھۆی ھەبوونی ڕێژەیەکی زۆری غاز لە کێلگەکانی ھەرێمی کوردستاندا، ھەرێم لە توانایدایە ڕۆژانە بەرھەمێکی باشی غازی ھەبێت و جگە لە پێداویستیی ناوخۆ، ھەناردەی بازاڕەکانی جیھانی بکات و تەنانەت بۆ عێراقیش غاز دابین بکات، ئەوەیش ھەنگاوێکی باشە بۆ سوودوەرگرتن لە غاز.''
لەبارەی دابینکردنی غازی ماڵانیش ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەکردووە، "لە چوارچێوەی پەرەپێدانی کێڵگەکانی غازدا بڕیار وایە بەشێک لەو غازەی بەرھەم دێت لە ھەرێمی کوردستان، ھاوشێوەی وڵاتانی جیھان لە ڕێگەی بۆڕییەوە بگەیەندرێتە ماڵان و وەک چۆن ئاو بۆ ماڵان دابین کراوە، غازیش بە ھەمان سیستەم بگەیەندرێتە ھاوڵاتییان.''
ڕوونیشیکردووەتەوە، "ھەرێمی کوردستان داهاتوویەکی گەشی ھەیە لە داھاتوودا بۆ پەرەپێدان و بەرھەمھێنانی غاز، بەپێی پلانی حکومەت جگە لە فرۆشتنی بۆ بەرھەمھێنانی کارەباش سوود لە غاز وەردەگیرێت، دانوستانیش لەگەل چەندین کۆمپانیای جیھانی کراوە بۆ کارکردن لە کەرتی غازی ھەرێمی کوردستان.''