ناس کورد-
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لە پەیامی ماڵئاوایی خۆیدا، ڕایگەیاند، توانیان متمانەی خەڵک بە حکومەت بگەڕێننەوە و ڕێگرییان لە ڕشتنی خوێنی خۆپیشاندەران کرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مستەفا کازمی لە وتارێکدا (پێنجشەممە 27-10-2022) ڕایگەیاند، "ئێمە دۆخێکی ئەمنیی باش ڕادەستی حکومەتی نوێ دەکەین، سەرجەم گروپە تیرۆریستییەکان لەناوبراون، سوپا و هێزە سەربازییەکانمان ڕێکخستووەتەوە و بەهێزمان کردوون."
وتیشی، "هەموو هەوڵێکمان دا لەپێناو گێڕانەوەی متمانەی خەڵک بە حکومەتەکەیان و هەروەها هێزەکانمان ڕاهێنا کە بەشێوەی مەدەنی مامەڵە لەگەڵ خەڵک و خۆپیشاندەران بکەن و بەرزکردنەوەی چەکمان بەڕووی خۆپیشاندەران قەدەغە کرد."
مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتەکەمان ئەرکەکانی بەجێگەیاند بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دواتر هەموو لایەنەکانمان هاندا بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام هەموو تۆمەتەکانیان خستە پاڵ ئێمە و دەستکەوتەکانی ئەم حکومەتەیان کردە ئامانج."
ئەوەشی خستەڕوو، "پێویستە پەرە بەو هەوڵانە بدرێت کە داومانە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بنیادنانی پەیوەندییەکی ئاشتیانە."