ناس کورد-
دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ كە تایبەتە بە پرسەكانی دەستپاكی، وردەكاری نوێی لەبارەی دزینی پارەى باج لە بانکى رافیدەین راگەیاند و جەختیکردەوە لەسەر دەستبەسەرداگرتنى زۆربەى پارە دزراوەکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
زیاء جەعفەر، دادوەری دادگاکە (25ی تشرینی یەكەمی 2022) ئاماژەى بەوەکرد “پارەکە لە بەروارەکانی پێش ساڵی ٢٠٢١ خەرج کراوە، دەسەڵاتی دادوەری هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە بردنە دەرەوەى تۆمەتبار و ئەو پارەیەی دەستی بەسەردا گرتووە".
وتیشى "دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ دەستیگرتووە بەسەر پارەی جوڵاو و نەجوڵاوی تۆمەتبارەکان و هاوسەر و منداڵەکانیان".
زیاء جەعفەر باسى لەوەشکرد، "بەڕێوەبەری گشتی دەستەی باج و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی دەستگیرکراون، هەروەها تۆمەتبارێکی دیکەش لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراوە، لەگەڵ تۆمەتبار نور زوهەیر کە لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستگیرکراوە".
دەشڵێت "دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بە هەیسەم ئەلجبوری گرتووەتەبەر، ئەمڕۆش لەسەر بنەمای بانگهێشتنامەکە هاتووەتە بەردەم دادگا بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت".
جەختیشیكردەوە، زۆربەی ئەو پارەیەی لە دەستەی باج دزراوە دەستی بەسەردا گیراوە.
پێشتر دادوەر زیاء جەعفەر، ئازادکردنی سێ تۆمەتباری لە دۆسیەی دزینی دوو ملیار دۆلار و نیوى داهاتى باجى لە بانکی ڕافیدەین بە کەفالەت راگەیاند.
جەعفەرى (25ی تشرینی یەكەمی 2022) بە رۆژنامەى فەرمى عێراقى راگەیاند "پرسی ئازادكردنی تۆمەتبار بە كەفالەت دەسەڵاتی دادوەرى لێكۆڵینەوەكانە و لەژێر چاودێری دادگاى باڵادایە".
ئاماژهی بهوهشدا، "سێ لهو پێنج تۆمهتبارهى دەستەى باج به كهفالهت ئازادكراون، هاوكات بهڕێوهبهری گشتی دهستهی باج كه خۆی هاتۆته دادگا راگیراوە، لەگەڵ یاریدهدهری بهڕێوهبهری گشتی، تۆمەتبارێکی دیکەش لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراوە".
جەعفەرى وتیشى هەروەها تۆمەتبار (نور زوهێر) دەستگیرکراوە، فەرمانى بانگهێشتکردن بۆ سەرۆکی پێشووی لیژنەی دارایی، هەیسەم ئەلجبوری دەرکراوە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی هەیسەم جبوری گرتەبەر، ئەویش ئەمڕۆ بە پشت بەستن بە بانگهێشتنامەکە هاتە بەردەم دادگا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بنەڕەتی لەبەردەم دادگادا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت".
ڕوونیشیكردەوە "پێشبینی دەكرێت لێكۆڵینەوەكان ناوی نوێ ئاشکرابکەن".
دوێنێ دووشەممە 24-10-2022، وەزیری ناوخۆ عێراق ڕایگەیاند، یەکێک لە تۆمەتبارەکانی دزینی 2.5 ملیار دۆلارەکەی بانکی ڕافیدەینی عێراق بەناوی "نور زوهەیر جاسم" لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەستگیرکراوە.