ناس کورد-
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندم بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ئەو پێشمەرگانەی لەناو شۆڕشدا بوون و بەپلەی باڵا خانەنشین کرابوون و بەر یاسای چاکسازی کەوتوون، مووچەیەکیان پێ دەدرێت کە لەدوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
رێڤینگ ھروری، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان (سێشەممە 25-10-2022) بە میدیای فەرمیی پارتیی وت، "دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازی و ھەڵوەشاندنەوەی مووچەی بەشێکیان و کەمکردنەوەی ٤٠%، بڕیارێکی تایبەت دراوە بە پێشمەرگەکانی ناو شۆڕش کە لەسەرەتاوە واتا لە ١١ی ئەیلوول ساڵی ١٩٦١ تا ٥-٣-١٩٩١ پێشمەرگە بوون و بەپلەی باڵا خانەنشین کرابوون و مووچەیەکیان وەردەگرت بەر بڕیاری چاکسازی کەوتوون، ئەوانیش رێکاری پێویستیان گرتبووه بەر و خزمەتی خۆیان لەوەزارەتی پێشمەرگە ھێنابوو، بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا کە مووچە بۆ ئەوانە بگەڕێتەوە و حیسابی پلە باڵایان بۆ بکرێت، کە مووچەیان لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو بڕیارە ئەو پێشمەرگانە دەگرێتەوە کە لەناو شۆڕش بوون و بەپلەی باڵا خانەنشین کرابوون و دواتریش بەر یاسای چاکسازی کەوتبوون جا مووچەیان بڕابوو یاخود کەمکرابووەوە بەرێژەی ٤٠%، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر پێشمەرگەکان ھەبوو، بۆیە حکوومەت بڕیاری گەڕانەوەی مووچەی ئەوانەی داوە".
ڕوونیشیکردووەتەوە، "ئەوانە خۆیان لەپۆستی پلە باڵا دەوامیان نەکردووە وەکو وەزیر و بریکار و بەڕێوەبەری گشتی، بەڵام وەکو رێزگرتنێک لێیان بە پلەی باڵا خانەنشین کرابوون کە ژمارەشیان زۆرە، ئەوانەی بە پلەی باڵا خانەنشین کرابوون و کاتی خۆی لە ناو شۆڕش دابوون".