ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی هەرێم هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدات بە هیچ شێوەیەک سەیری دیاردەی خۆرگیران نەکەن بەتایبەت منداڵان، دەشڵێت، بینینی خۆرگیران دەبێتەهۆی کوێربوون بەبێ ئەوەی هەست بە هیچ ئازارێک بکەی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە له كاتژمێر 12:59ـی دوای نیوەڕۆ بەكاتی هەولێر تا كاتژمێر 03:30ـی دوای نیوەڕۆ، دیاردەی خۆرگیرانی نیمچەیی ڕوودەدات و هەرێمی كوردستان و عێراقیش دەبینرێت.
لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی هەرێم (سێشەممە 25-10-2022) ڕایگەیاند، "بە هیچ جۆرێک ڕاستەوخۆ سەیری خۆرگیران نەکەن و بە تایبەت رێگە نەدەن مندالەکانتان بە راستەوخۆیی سەیری خۆرگیرانەکە بکەن."
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم خاڵانەتان هەمیشە لەبێربێت:
*بینینی خۆرگیران دەبێتە هۆی لەدەستدانی بینینی هەمیشەیی.
*زیانەکان بە خێرایی ڕوودەدات بەبێ هەست کردن بە هیچ ئازارێک.
*لەدەستدانی بینین تا دوای خۆرگیران ڕوونادات.
*هیچ چارەسەرێک نییە و منداڵان بە تایبەتی مەترسییان لەسەرە.
*زانایان و شارەزان ئامۆژگاری دەکەن کە هیچ جۆرە سەیرکردنی ڕاستەوخۆی خۆرگیران نەکرێت.
بینینی ڕاستەوخۆی خۆرگیرانی تەواو یان بەشێکی دەبێتە هۆی تێکچوونی هەمیشەیی چاوەکان، زانایان پێشنیاری بینینی خۆرگیران دەکەن بە بەکارهێنانی ڕێگەی ناڕاستەوخۆ.
کەشناسیی هەرێم دەڵێت، " هەرگیز نابێت هەوڵ بدەیت بە چاوی ڕووت چاودێری خۆرگیرانێکی تەواو، بەشەکی یان بازنەیی بکەیت، سەلامەتترین تەکنیک بۆ بینینی خۆرگیران بینینی ناڕاستەوخۆیە، بۆ نموونە دەتوانیت بە ئاسانی وێنەیەکی خۆرگیران لە تیڤی یان ئۆنلاین سەیری پەخشی ڕاستەوخۆی کەنالەکان بکەیت."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "چاوی منداڵان بە تایبەتی لەڕادەبەدەر ناسکە و ڕووناکی زیاتر دەگوازنەوە بۆ تۆڕی چاو، ئەمەش وا دەکات چاوی منداڵان زیاتر تووشی زیان ببن بەهۆی ڕووناکی توندەوە."
ڕوونیشیکردووەتەوە، "بەکارهێنانی چاویلکەیەک کە بە 'چاویلکەی خۆرگیران' دەخرێتە بازاڕەوە، زیاتر بووەتە جێی بایەخ، بەکارهێنانی سەلامەتی ئەم چاویلکانە پشت بە توانای فلتەرکردنی عەدەسەکان و دیزاینی چوارچێوەکان دەبەستێت، تەنانەت لەو شوێنانەی کە عەدەسەکان بڕوانامەیان پێدراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ستانداردە کارپێکراوەکاندا بگونجێت، بەکارهێنانی نادروستی ئەم چاویلکانە هێشتا ڕەنگە ببێتە هۆی تێکچوونی جددی چاوەکان و پێشنیار دەکرێت کە نابێت چاویلکەی خۆرگیران بەکاربهێنرێت بۆ بینینی ڕاستەوخۆی خۆرگیران."