ناس کورد-
ئەحمەد مەلا تەڵال، ڕۆژنامەنوسی عێراقی و وتەبێژی پێشووی حکومەتی عێراق، ڕایگەیاند، تۆمەتباری سەرەکی دزینی دوو ملیار دۆلار و نیوەکەی بانکی ڕافیدەین، ناوی دوو وەزیر و حەوت بریکاری وەزیری ئاشکراکردووە کە تێوەگلاون لە گەندەڵی و دزینی ئەو پارەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دوێنێ دووشەممە 24-10-2022، وەزیری ناوخۆ عێراق ڕایگەیاند، یەکێک لە تۆمەتبارەکانی دزینی 2.5 ملیار دۆلارەکەی بانکی ڕافیدەینی عێراق بەناوی "نور زوهەیر جاسم" لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەستگیرکراوە.
لەوبارەیەوە، ئەحمەد مەلا تەڵال، ڕۆژنامەنوسی عێراقی و وتەبێژی پێشووی حکومەتی عێراق لە تویتێکدا (سێشەممە 25-10-2022) ڕایگەیاند، نور زوهەیر جاسم ئێستا لە بنکەی پۆلیس لە دۆخی داڕماندایە و لەبەردەم ئەفسەران و لیژنەی لێکۆڵینەوە دانپێدانانی جددی داوە و چەندین ناوی بەرپرسی ئاشکراکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ناوبراو لە دانپێدانەکانیدا، ناوی دوو وەزیر و حەوت بریکاری وەزیر و ١١ بەڕێوەبەری گشتی هێناوە.
بەوتەی وەزیری عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق، دوێنێ دووشەممە، نور زوهەیر جاسم، هەوڵی دەدا بە فڕۆکەیەکی تایبەت عێراق جێبهێڵێت و هەڵبێت، بەڵام هێزێكی تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەستگیریان کردووە.
ڕۆژی 16-10-2022، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری دارایی بەوەکالەتی پێشووی عێراق لە نامەیەکدا کە ئاراستەی دەستەی دەستپاكیی کردبوو، ئاشکرایکرد، دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە داهاتی باج لە بانکی ڕافیدەین دزراوە.