ناس کورد-
ریشى سوناک بەسەرۆک وەزیرانى نوێی بەریتانیا و سەرۆکى پارتى پارێزگاران هەڵبژێردرا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرکەوتنى سوناک دواى ئەوەهات کە پێنی مۆردۆن لە کۆتا خولەکەکاندا وازی لە کێبڕکێی سەرکردایەتیکردنی پارتى پارێزگاران هێنا پێش ئەوەی دەرگاى خۆ کاندیدکردن دابخرێت.
دوای حەوت هەفتە لە شکستهێنانى لە کێبڕکێی پێشووی سەرۆکى پارتی پارێزگاران، سوناک جێگەی لیز ترەس دەگرێتەوە.
سوناک 42 ساڵ دەبێتە بچووکترین سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە ماوەی زیاتر لە سەدەیەکدا.
ڕۆژی یەکشەممە ریشی سوناک دوای دەستلەکارکێشانەوەی لیز ترەس کاندیدبوونی خۆی بۆ سەرۆک وەزیران ڕاگەیاند، ئەمەش دووەم هەوڵی بوو لە ماوەی دوو مانگدا بۆ سەرکردایەتیکردنی حکومەتێک کە ڕووبەڕووی قەیرانێکى خنکێنەر بووەتەوە.
ناوبراو لە تویتێکدا نووسیویەتی "بەریتانیا وڵاتێکی گەورەیە، بەڵام ئێمە ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی ئابووری بوینەتەوە، من دەمەوێت ئابووریمان چاک بکەمەوە، پارتەکەمان یەکبخەم و هاوکاری وڵاتەکەمان بکەم".
سوناک دەبێتە یەکەم بەریتانی لە بنەماڵەی کۆچبەرانی هیندستان لە داونینگ ستریت بژی. هەروەها حکومەتی بەریتانیا بەڕێوەدەبات کە نزیکەى 100 ساڵ وڵاتەکەى داگیرکرد لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمەوە تا ساڵی 1947.
سوناک لە شاری ساوسهامپتۆن لەدایکبووە و دایک و باوکى بە ڕەچەڵەک هیندین و لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقاوە کۆچیان کردووە، باوکی پزیشکی گشتی بوو و دایکی دەرمانخانەی بەڕێوە دەبرد. ئەو دەبێتە یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئاسیایی بەریتانی، لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و زانکۆی ستانفۆرد خوێندوویەتی.
لە ئەمریکا بوو کاتێک ئاکشاتا مورتی هاوسەری ناسی کە کچی ملیاردێرێکی هیندی بوو. ئێستا خاوەنى دوو کچن.
ئەو هەرگیز بە ئاشکرا لێدوانی لەسەر ئەوە نەداوە کە سامانەکەى چەندە، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە پیشەکەی لە بواری داراییدا پێش ئەوەی بچێتە ناو سیاسەتەوە وایکردووە ببێتە ملیۆنێر لەکاتێکدا هێشتا تەمەنی لە بیستەکاندا بووە.
ئەمساڵ دارایی سوناک و بنەماڵەکەی کەوتە ژێر چاودێرییەکی چڕەوە و کاروباری باجی هاوسەرەکەی خرایە بەرباس. پاشان مورتی وتی دەست دەکات بە پێدانی باجی بەریتانیا لەسەر داهاتی دەرەوەی وڵات، ئەمەش فشاری سیاسی لەسەر هاوسەرەکەی کەمکردەوە.