گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

شەش ساڵە سەرۆکی حکومەت بەشداریی یادەکەی نەکردووە

بەرپرسانی باڵا پشت لە یادی هەڵەبجە دەکەن

2019.03.16 - 14:35
بەرپرسانی باڵا پشت لە یادی هەڵەبجە دەکەن

ناس کورد- ئەحمەد مستەفا

بەشێک لە بەرپرسانی باڵای حکومی و حزبی لە یادی ٣١ ساڵەی کیمیابارانی ھەڵەبجەدا، ئامادە نەبوون، لە کاتێکدا سەرۆککۆماری عیراق لە کۆبوونەوەی حیزبەکەیدا بوو لە سلێمانی، هەروەها شەش ساڵی لەسەر یەکە سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئامادە نابێت، سەرپەرشتیاری یادەکەش ڕایگەیاند، بانگێشتنامەیان بۆ سەرجەم بەرپرسانی باڵا ناردووە.

 

کامەران مستەفا بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی شەهید و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە کە لە هەمان کاتدا سەرپەرشتیاری یادی 31 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەیە، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ناس کورد ڕایگەیاند: "ئێمە بانگێشتنامەمان ناردووە بۆ هەموو بەرپرسانی باڵا، بەڵام ناچین بەزۆر بیانهێنینە یادەکەوە، کە خۆیان نەیەن".

لە بارەی ئامادەنەبوونی سەرۆککۆماری عیراق لەو یادە، لە کاتێکدا لە سلێمانی لە کۆبوونەوەی حزبەکەیدایە، سەرپەرشتیاری یادەکە وتی: "لە ئەگەری ئامادەنەبوونی ئەو بەرپرسە باڵایانەی ئێمە بانگێشتنامەمان بۆ ناردوون، ناکرێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکەین".

لە لایەکی ترەوە سەبریە محەمەد کەسوکاری قوربانی کیمیاباران باسیلەوەکرد: "زیانلێکەتوانی ھەڵەبجە خزمەتناکرێن، تەنانەت بەرپرسانیش نایەن بۆ یادەکە، بەرپرسانی ھەرێم 28ساڵە گاڵتە بە ئێمە دەکەن، خوا حەقمانیان لێبسێنێت".

ئەو قوربانیەی چەکی کیمیایی ئەوەشی ڕاگەیاند: "ھەموومان ئێستاش بە ئیحتیاجی ئەژین، تەنانەت جیاوازی لەنیوان کەسوکاری شەھیداندا دەکرێت، هەروەها بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە دۆخێکی خراپدان".

ئاشکراشی کرد کە زیاتر لە 10 ساڵە داوای هێنانەوەی تەرمی 340 کەسی خەڵکی ھەڵەبجە دەکات، کە لە سعودییەن بەڵام حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوێی لێنەگرتوون.

شەش ساڵی لەسەر یەکە سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەشداری لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە ناکات، بەردەوام نوێنەری لەو بۆنەدا دەبێت، ئەوە لە کاتێکدایە ساڵانە چالاکوانانی پارێزگاکە ڕەخنە لە ئامادە نەبوونی ئەو بەرپرسە باڵایانە دەگرن.