ناس کورد-
پەرلەمانتارێکی پارتی لە بەغدا، ڕایگەیاند، مەسعود بارزانی ئەو وەزارەتانەی دیار کردووە کە بەر کورد کەوتوون، دەشڵێت، لەم هەفتەیەدا دەنگ بە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دەدرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کاڤین شێخ سەعید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق (یەکشەممە 23-10-2022) بە میدیای فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاند، ''بڕیار بوو دوێنێ شەممە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە کابینەی حکوومەتی نوێی عێراق کۆببێتەوە، بەڵام نەگەیشتنە ڕێککەوتن و کۆبوونەوەکە دواخراوە بۆ بەیانی، ڕۆژی دووشەممە، بەڵام سبەی دووشەممەش ئەستەمە کۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوەبچێت و ھێشتا کۆتلەکانی نێو پەرلەمان ڕێک نەکەوتوون.''
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەم هەفتەیەدا پەرلەمان دەنگ لەسەر کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی دەدات، کێشە لە نێوان سوننە و شیعەیە لەسەر وەزارەتەکان و پێویستە ئەوان بگەنە ڕێککەوتن لەسەر ئەو وەزارەتانەی بەریان دەکەوێت.''
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئەوەشی ئاشکراکردووە، "سەرۆک بارزانی ئەو وەزارەتانەی هەڵبژاردووە کە بەر کورد کەوتوون، بەڵام بە فەرمی ناوی وەزیرەکان ڕانەگەیەندراوە، ئەو ناوانەی بۆ پۆستی وەزارەتەکان دێن لە پشکی کورد، فەرمی نین و ناوی وەھمین، لەگەڵ ئەوەشدا ناوی وەزیرە کوردەکان یەکلا دەکرێتەوە بۆ حکومەتی نوێی عێراق.''