ناس کورد-
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له پەرلەمانی عێراق ڕایگه‌یاند، تاوه‌كو ئێستا هیچ واده‌یه‌ك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی پەرلەمان بۆ متمانه‌به‌خشین به كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت دیارینه‌كراوه، دەشڵێت، مەسعود بارزانی ناوی وه‌زیرانی پارتی بۆ حكومه‌تی داهاتووی عێراق دیاری ده‌كات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا (شەممە 22-10-2022) ڕایگەیاند، " هیچ كاتێك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی پەرلەمانی عێراق بۆ متمانه‌به‌خشین به كابینه‌كه‌ی محەمەد شیاع سودانی دیارنییه، پێشموانییە رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو پەرلەمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته كۆببێته‌وه، چونکە پێویسته 72 كاتژمێر پێش واده‌ی دانیشتنی پەرلەمان، كارنامه‌ی حكومه‌تی نوێ و زانیاری له باره‌ی كاندیده‌كان بگاته ده‌ستی په‌رله‌مانتاران به مه‌به‌ستی تاووتوێكردن پێش به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی ده‌نگدان."
سه‌باره‌ت به پرسی دابه‌شكردنی پۆسته وه‌زارییه‌كان لە پشکی کورد لە نێوان پارتی و یه‌كێتیدا، ڤیان سه‌بری ئاماژەی بەوەکرد، "دابه‌شكردنی پۆسته‌كان به‌پێی خاڵبه‌ندی و به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌بێت، به‌هۆی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه، زۆرترین پۆستی وه‌زاری له پشكی كورد بۆ پارتی ده‌بێت."
له‌باره‌ی كاندیده‌كانی پارتی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وەزارییەکان، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، "سه‌رۆك بارزانی ناوی وه‌زیرانی پارتی بۆ وه‌رگرتنی پۆسته وه‌زارییه‌كان له كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عێراق دیاریده‌كات و تاوه‌كو ئێستا به فه‌رمی له‌ناوی هیچ كاندیدێك ئاگادارنه‌كراوینه‌ته‌وه."