ناس کورد-
لە بەریتانیا ژن و مێردێکی کورد ماوەی نزیکەی حەوت مانگە لەناو ئۆتۆمبێلەکەیاندا دەژین و چاوەڕێی شارەوانی شارەکەیان دەکەن تاوەکو خانوویان پێ بدات، بەڵام هەر دەستی دەستیان پێ دەکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی ڕاپۆرتێکی بی بی سی بەریتانی، ئارام سابیری تەمەن 47 ساڵ و شەهلا قادری هاوسەری کە تەمەن 28 ساڵە نیشتەجێی شاری نۆرویچی بەریتانیان، ماوەی حەوت مانگە لەناو ئۆتۆمبێلەکەیان لە جۆری فۆرد مۆندیۆ دەخەون و ناوبەناویش دەچنە ماڵی هاوڕێکانیان.
کێشەی ئەم خێزانە کوردە کاتێک دەستیپێکرد کە خاوەن خانووەکەیان بەهۆی بوونی کێشەی دارایی و بانکی ناچار بووە خانووەکە نۆژەن بکاتەوە و ئەم خێزانە دەربکات، لە مانگی ئازارەوە شارەوانی شارۆچکەی نۆرویچ خانوویەکی نوێی نیشانی ئەم خێزانە کوردە داوە بەڵام هێشتا ئامادە نەبووە تاوەکو بچنە ناوییەوە بە بیانووی نۆژەنکردنەوەوە.
شارەوانی شارۆچکەکە دانی بەوەدانا کە دواکەوتن لە نۆژەنکردنەوە و چاککردنی ئەو خانووەدا "قبوڵنەکراوە".
بەپێی ڕاپۆرتی خزمەتگوزاریی ڕاپۆرتکردنی دیموکراسی ناوخۆیی (Local Democracy Reporting Service)، شەهلا دووگیانە و پێویستی بە چارەسەری پزیشکی بەردەوام هەیە، ئەو دۆخەش زۆر سەختە بۆ ئەو، هەروەها ئارامیش لەو ماوەیەدا نەشتەرگەری بۆ قاچی کراوە.
ئارام سابیر بە بی بی سی گوتووە،"ئەوان [ئەنجومەنی شارەوانی نۆرویچ] گوتیان لە ماوەی یەک بۆ دوو هەفتە خانووتان پێ دەدرێت، بەڵام ئەوە حەوت مانگە، خانووەکەش دیاری کراوە و چووم سەیریشیمان کردووە، بەڵام ئامادە نییە بچینە ناوییەوە و کلیلەکەیمان نادەنێ."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "وتیان بەم زووانە پەیوەندیت پێوە دەکەین، دواتر وتیان هەفتەی داهاتوو، ئیتر هەر وا بەردەوام بەڵێن دەدەن".
گوتیشی، "ڕۆژی 10ی ئازاری 2022 چووم بۆ بینینی خانووەکە بەڵام تا ئێستا کلیلیان پێ نەداوم."
کاک ئارام و هاوسەرەکەی ناوبەناو لەگەڵ هاوڕێکانی دەمێننەوە بەڵام کەس ناتوانێت ژوورێکیان پێشکەش بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو و هاوسەرەکەی هەندێک جار توانیویانە لە ماڵی هاوڕێیان خۆیان بشۆن و لەگەڵیان نان بخۆن، هەندێکجاریش لەسەر قەنەفەکانیان دەخەون بەڵام هیچ کام لە هاوڕێکانیان هیچ ژوورێکی یەدەگیان نەبووە.
وتەبێژی شارەوانی شارەکە کە لەلایەن پارتی کرێکارانەوە بەڕێوەدەبرێت گوتی، "ئێمە دان بەوەدا دەنێین کە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی خانووەکە زۆر دواکەوتووە و قبوڵکراو نییە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڵێندەری دیکەش هێنراون بۆ چاککردنەوەی خانووەکە تاوەکو زوو چارەسەری کێشەکە بکرێت.
گوتیشی، "کارەکان لە خانووەکەی بەڕێز ئارام بەردەوام دەبێت و ڕاستەوخۆ لەسەر هێڵ دەبین بۆ چارەسەرکردنی."