ناس کورد-
ماوەی مانگێکە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لە ئێران بەردەوامە و بەهۆی گرژییەکانەوە، کێشە بۆ هێڵەکانی پەیوەندیکردن لەناوخۆ و دەرەوەی ئێران دروست بووە، بازرگانانی هەرێمیش دەڵێن، ئەو دۆخە کاریگەری لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دروست کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە چەند بوارێکدا، ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ ئێران هەیە و بۆ مامەڵەکانیان پێویستییان بە ئینتەرنێت هەیە.
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجومەنی بازاڕی سەوزە و میوە لە هەولێر بە ئاژانسی ئەنادۆڵۆی وتووە، " لە ئەنجامی راگرتنی ئینتەرنێت لەلایەن حکوومەتی ئێران بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە، کاریگەری لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی دروستبووە و ناتوانن لە هەرکاتێکدا بێت میوە و سەوزە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە ببینن و بیکڕن."
لەبارەی راگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئێران و کاریگەری لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ڕەجەب حاجی عەزیز ئاماژەی بەوەکردووە، "پچڕانی ئینتەرنێت کاریگەری زۆری هەیە لەسەر مامەڵە بازرگانییەکان، چونکە سەدا ٨٠ی مامەڵەکانمان لەگەڵ ئێرانە، پێشتر هەر کاتێک نیازمان بووایە میوە و سەوزە بکڕین، ئەوا بازرگانانی ئێران لە رێگای ئینتەرنێتەوە وێنەی میوەکەیان دەنارد و ئێمەش بڕیارمان دەدا، بەڵام ئێستا دەبێت چاوەڕێی هەلێک بکەین کە ئینتەرنێت چەند خولەکێک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەوان وێنەی میوەکەمان بۆ بنێرن و مامەڵەی لەسەر بکەین، ئەمەش کاریگەری لەسەرمان هەیە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "رۆژ هەیە لەبەر نەبوونی ئینتەرنێت نەمانتوانیووە لەوێ میوە بکڕین و لەم حاڵەتەشدا لێرە نرخەکان بەزربوونەتەوە، بۆ نموونە جاری وا هەیە دوو رۆژ بارەکانمان دوا دەکەوێت بەهۆی نەبوونی ئینتەرنێتەوە و ئەمانەش هەمووی کاریگەری لەسەر بازاڕ هەیە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی سەوزە و میوە لە هەولێر، دەشڵیت، "تەنیا لە عەلوەی هەولێر، رۆژانە ٢٥٠ تا ٣٠٠ تۆن بەروبوومی ئێرانیمان بۆ دێت".
جەمال قاسم کە کاری ئاڵوگۆڕی دراو دەکات لەگەڵ ئێران دەڵێت، "نەبوونی ئینتەرنێت کاریگەری زۆری هەیە، چونکە حەواڵەی پارە بۆ ئێران لە رێگای سیستەم دەبێت و کاتێک پارەکەی حەواڵە دەکەین، کۆدی بانکییمان بۆ دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئینتەرنێت نەبێت ناتوانن کۆدەکەمان بۆ بنێرن و ئەوەیش کارەکانمان دوا دەخات".