ناس کورد-
فەرماندەی هێزەکانی 70 نوێترین زانیاری لەبارەی دۆخی تەندروستیی فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ ئاشکراکرد و دەشڵێت، پێویست بە لێکۆڵینەوە ناکات، داعش ئەو کارەی کردووە و وەڵامی گومانەکانیش دەدەنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی هێزەکانی 70 لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان (هەینی 21-10-2022) ڕایگەیاند، "تەندروستیی ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ باشە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە، پزیشکەکانیش باشتر دەزانن."
لەبارەی لێکۆڵینەوەکان و گومانەکان لەسەر ڕووداوەکەش، وتی، "لێكۆڵینەوەی ناوێت، داعش ئەو کارەی کردووە و ئەوە دەزانین، دواتریش ڕوونکردنەوە دەدەم لەسەر ئەو دەنگۆیانەی کە لێکدانەوەی خراپ بۆ ڕووداوەکە دەکرێت."
هاوکات لەبارەی جموجوڵەکانی داعش، مستەفا چاوڕەش، ڕایگەیاند، "داعش جموجوڵیان زیاد نەکردووە و بەهێز نەبوونەتەوە، ناتوانن وڵات داگیر بکەن، تەنها بەوشێوەیە هەندێک جار بۆمب دادەنێن و دەتەقێتەوە، کارێکی نامەردانە دەکەن."
ڕۆژی چوارشەممە لە کاتی ئۆپەراسیۆنێک لە دژی داعش، بۆمبێکی چێندراو بە فەرماندەی هێزی کۆماندۆ و چەند ئەندامێکی دیکەی کۆماندۆ تەقییەوە و بریندار بوون کە یەکێک لە بریندارەکان دواتر گیانی لەدەستدا کە پاسەوانی فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ بوو بە پلەی ملازم.
لەدوای ئەوەش، لە سۆشیاڵ میدیا دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە کە داعش ئەو کارەی نەکردبێت و بابەتی دیکە لە پشت ڕووداوەکەوە بێت.