ناس کورد-
سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو حکومەتی نوێی عیراقیش پێکدێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی ڕاگەیاندنی مەلا بەختیار (پێنجشەممە 20-10-2022) سەرۆک کۆماری تازە هەڵبژێردراوی عیراق، د. لەتیف رەشید، سەردانی مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیان کرد.
ئاماژە بەوەشکراوە، "لەو دیدارەدا، سەرۆک کۆمار، باسی لەوەکرد، کە دڵنیایە ئەرکەکانی لەدۆخی ئێستای عیراق و ناوچەکە قورسن، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی کۆی ئەم کێشانە، جگە لەوەی دۆستایەتی هەموو هێزە عیراقییەکانی لەلا گرنگە، هاوکات پێویستی بەپشتیوانی هەموو هێزە کوردستانییەکان و هەروەها پێویستی بە پشتیوانی هەموو تێکۆشەرەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیشە."
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکردووە، " تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو حکومەتی نوێی عیراقیش پێکدێت."
ئەوەش هاتووە، لەلایەن خۆیشییەوە، مەلا بەختیار، پیرۆزبایی لە هەڵبژاردنی دکتۆر لەتیف رەشید، بەسەرۆک کۆمار کرد و سوپاسی کرد بۆ سەردانەکەی، هەروەها هەندێک بۆچون و پێشنیازی سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و هاوکێشە هەرێمییەکان و عیراق و کوردستانیش خستەڕوو، جەختیشیکردەوە، " چارەسەرکردنی کێشەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، بناغەی سەرکەوتنە لە بەغدایش."