گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەمانەوێت پارتی ڕێککەوتنەکەی نێوانمان جێبەجێبکات

یەکێتی: دابەشکردنی پۆستەکانی هەرێم بۆ چارەسەری کێشە حزبییەکانی پارتییە

2019.03.16 - 14:07
یەکێتی: دابەشکردنی پۆستەکانی هەرێم بۆ چارەسەری کێشە حزبییەکانی پارتییە

 

 

ناس کورد-

لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا بڕیاردرا بە دروستکردنی وەفدێک بۆ قسەکردن لە گەڵ پارتی، وتەبێژی یەکێتیش ڕایگەیاند ئەو وەفدە "دەستەڵاتی تەواویان دراوەتێ".

 

لە پاش کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی کۆسرەت ڕەسول عەلی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەکێتی ڕایگەیاند: "وەفدێک بە تەواوی دەستەڵاتەوە دەنێرینە لای پارتی، بە ڕاشکاوی قسە لەگەڵ پارتی بکەن، چونکە یەکێتی دەبێت بەشدارێکی ڕاستەقینەی حکومەت بێت، وەک لە بەندی یەکەمی ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و پارتی هاتووە".

 

لە بارەی داواکانی یەکێتی بۆ بەشداری لە حکومەت وتەبێژی یەکێتی وتی: "یەکێتی پێداگیرە لەسەر ئەوەی دەبێت سیستمی لامەرکەزی بە تەواوی جێبەجێبکرێت، دەستەڵاتی دارایی و کارگێڕی بدرێت بە پارێزگاکان و ئیدارەکان، هەروەها حکومەتی هەرێم پابەندی بودجەی عیراق بێت، لە بارەی ناردنی نەوت و وەرگرتنی بەشە بودجەوە".

لە بارەی ئەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە چاوپێکەوتنێکیدا ڕایگەیاندووە یەکێتی کێشەی ناوخۆیان هەیە و ڕێکناکەون، لەتیف شێخ عومەر وتی: "چاوڕێمان دەکرد لەم بارودۆخە خراپەدا کاک نێچیرڤان قسەی باشی بکردایە، حکومەتی هەرێم کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی دەکات ئەوەندە کێشەی هەیە کە نەیپەرژێتە سەر قسەکردن لەسەر ناوخۆی یەکێتی، هەروەها دەزانین دابەشکردنی پۆستەکانی هەرێم بەشێکە لە تەسویەی بنەماڵەیی و چارەسەری کێشە حزبییەکانی پارتی، بەڵام نامەوێت قسە لەسەر ناوخۆی ئەو حیزبە بکەم".