ناس کورد-
وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، وەزارەتی کارەبا زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار قەرزی کرێی کارەبای لای ھاووڵاتییانە، دەشڵێت، ھیچ بڕیارێک نییە کە کارەبای ئەو ماڵانە ببڕدرێت کە قەرزی کارەبا نادەنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا (شەممە 15-10-2022) بە میدیای فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند، "وەزارەتی کارەبا زیاتر لە یەک ترلیۆن دیناری قەرزی کرێی کارەبای لای ھاووڵاتییان و فەرمانگەکانی میری و کەرتەکانی پیشەسازی و بازرگانییە، ئێمە داوای گەڕانەوەی قەرزەکانمان لە چەند کەرتێک کردووە، بەڵام ھێشتا بڕیارێکی وەھا نەدراوە لەسەر ناچارکردنی ھاووڵاتییان بۆ گێڕانەوەی قەرزی کرێی کارەبا.''
ئاماژەی بەوەشکردووە، " "ئەو دەنگۆیانەی بڵاو دەکرێنەوە گوایە ئەگەر ھاووڵاتی کرێی کارەبا نەگەڕێنێتەوە کارەبای لێ دەبڕدرێت، ڕاست نین، واتا لە بەرامبەر نەگەڕاندنەوەی قەرزی کارەبا ئێمە کارەبای ھیچ ھاووڵاتییەک نابڕین.''
وتەبێژی وەزارەتی کارەبا باسی لەوەشکردووە، "وەزارەتی کارەبا پلانی خۆی ھەیە بۆ گێڕانەوەی قەرزەکانی کرێی کارەبا، دەمانەوێت ھەندێ ڕێوشوێنی دیکە بگرینە بەر بۆ گەڕاندنەوەی قەرزی کارەبا، ئەویش دانانی میکانیزمێکی تایبەت بە خۆمانە و جارێ ئاشکرای ناکەین بە چ شێوازێک قەرزی کرێی کارەبا وەر دەگرینەوە لە ھاووڵاتییان و ھەموو ھاوبەشانی دیکەی کارەبا.''