ناس کورد-
سەرۆكی سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ ئازادكردنی رۆژنامەنووسان (سەرتیپ وەیسی و ئیبراهیم عەلی) سەركەوتوو نەبوون و دەڵێت، ئەگەر ئەمشەو نەبرێنە بەردەم دادوەری ئێشكگر، ئەوا گومان دەکەن پلان هەبێت بۆ درێژكردنەوەی مانەوەیان لە بەندكردن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕەحمان غەریب، سەرۆكی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان (پێنجشەممە 13-10-2022) سەبارەت بە کەیسی دەستگیرکردنی هەردوو ڕۆژنامەنوس (سەرتیپ وەیسی و ئیبراهیم عەلی) بە "ناس کورد"ی وت، " لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و سكاڵاكارو خاوەن بڕیاری یەكێتی قسەمان كردووە، بەڵام وەڵامی هیچ كەس لەو لایەنانە دڵخۆشكەر و ڕوون نەبوون، تەنها توانیمان دەرفەتێك بڕەخسێنن کە بیانبینین."
ڕەحمان غەریب باسی لەوەشکرد، " دەستگیراوە بە سەر مۆبایلی تایبەت و كۆمپیوتەرێكی ئەم دوو رۆژنامەنووسە، كە رەنگە سەرچاوەی زانیارییان ئاشكرا بكرێت، ئەمە لە كاتێكدا كە بە پێی یاسای رۆژنامەگەری رۆژنامەنووس مافی ئەوەی هەیە كە سەرچاوەی زانیارییەكانی ئاشكرا نەكات تەنها بە بریاری دادوەر نەبێت، بەلام دەستگرتن بە سەر ئامێری پەیوەندییەكان تەكنیكێكی نوێیە بۆ ئاشكراكردنی سەرچاوەی زانیاری میدیاكاران."
شەوی نۆی مانگ، هەردوو ڕۆژنامەنوس سەرتیپ وەیسی، سەرنوسەری دەزگای میدیایی بوار و ئیبراهیم عەلی، بەڕێوەبەری نوسینی ئەو دەزگایە لەلایەن دژە تیرۆری یەكێتییەوە دەستگیركران و تائێستا ئازاد نەكراون.
سەرۆکی سەنتەری میترۆ دەڵێت، " دوای ڕەخنەگرتنمان لە دەزگای دژە تیرۆر كە لەم كەیسە و چەندین كەیسی دیکەدا لە راستیدا ئەركی پۆلیس بووە کە هەستن بە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە، بەڵام دوای ئەوە دەرگایان بە رووماندا داخست و دوو لایەنی گرنگ پەیوەندییەكانیان لەگەڵمان پچڕان وەڵامی پەیوەندییەكانمان نادەنەوە."