گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پارتی: دەرفەتێكی باش دراوەتە یەكێتی

بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دوا مۆڵەت دەدرێتە یەكێتی

2019.03.16 - 12:56
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دوا مۆڵەت دەدرێتە یەكێتی

ناس كورد- شۆڕش محەمەد

بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە ناو پەرلەمانی كوردستاندا، پارتی دیموكراتی كوردستان دوا مۆڵەت دەداتە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێت "دەرفەتێكی باش دراوەتە یەكێتی".

 

رێبوار بابكەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "وەكو فراكسیۆنی پارتی لەو بڕوایەداین لەئێستادا هەندێك خواستی سیاسی و دامەزراوەیی و دەستوری هەیە، ئەگەر ئەو خواستانە بكرێن بەیاسا و لەپەراوێزی ئەوەش ئەم خواستانە بهێنینە دی، وەكو كاراكردنەوە و چالاككردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم، هەنگاوی گرنگی سیاسی و دامەزراوەیی دەبێت بۆ ئەوەی كە هەنگاوەكانی تری لەسەر بینا بكرێت وەكو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم".

 

بەوتەی بابكەیی دەبێت لەخولی یەكەم و دووەمی ساڵی یەكەمی تەشریعی پەرلەماندا ئەم دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ناس کورد فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان مەبەستێتی لەهەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا سێ‌ ئامانج بەدی بهێنێت، ئەوانییش (دامەزراوەكە كەبەپێی یاسایەك هەڵپەسێردراوە، جارێكی تر كارا بكاتەوە، دەسەڵاتەكانی ئەو دامەزراوەیە كە بەپێی یاساكە بۆ سەر سێ‌ دامەزراوەی پەرلەمان و دادوەری و تەشریعی دابەشكراوە، دەسەڵاتەكان بگەڕێنێتەوە، دەیانەوێت تا ئەو كاتەی هەرێم دەبێتە خاوەن دەستور، سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرێت).

 

پەرلەمانتارەكەی پارتی بەباش و گرنگی دەزانێت فراكسیۆنی یەكێتی بەشداربێت لەگفتوگۆكانی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا، جەختیش دەكاتەوە "نەك هەر فراكسیۆنی یەكێتی بەڵكو ئەگەر بزانین هەر فراكسیۆنێك نیازی ئەوەی هەیە كە بەرژەوەندی گشتی و دامەزراوەكان و كۆی حوكمڕانی ئەو وڵاتە پەك بخات لەپێناوی چەند خواستێكی حزبی ئێمە رێگەی نادەین و هەوڵ دەدەین كەپڕۆژەكان بەقۆناغی خۆی بگات و دامەزراوەكان بەرێكارە یاساییەكان و بەپێی داواكارییە یاساییەكان كارا بكرێنەوە كاری خۆمان دەكەین دوور لە هەر دەستێوەردانێكی سیاسی و فشارێكی سیاسی".

لەو بڕوایەشدایە "دەرفەتێكی باش دراوەتە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ شكاندنی بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان"، بەدوریشینەزانی دەرفەتێكی تریشیان بدرێتێ‌، جەختیشی كردەوە كە زۆریش لەسەریان ناوەستن.

 

"ئومێد دەكەین پێش كۆتایی مانگی 3 سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵبژێرین، ئەگەر فراكسیۆنی یەكێتیش نەیەتەوە ناو دانیشتنەكان ئیتر كات ناكوژین و ئەو یاسایە دەخەینە بەر گفتوگۆ و دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام دەدەین" رێبوار بابكەیی وای وت.