ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى داوا لە چوارچێوەى شیعى و هاوپەیمانەکانیان دەکات لەسەر بەڵێنەکانیان بمێننەوە، پێش رۆژێک لە دانیشتنى پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بافڵ تاڵەبانى (12-10-2022) لە پەیامێکدا بۆ چوارچێوەى شیعى و هاوپەیمانەکانیان نوسیویەتى "برایانی ئازیز لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانەکانی ترمان؛ بانگەوازتان لێدەکەین بەناوی براکانتان لە یەکێتی نیشتیمانى کوردستان، کە هەمیشە لە سەختترین و تاریکترین بارودۆخدا لەگەڵتان وەستاون، ئێوەش لەگەڵمان بن. باوەڕداران پابەندى بەڵێنەکانیانن".
پێشتر سۆران جەمال تاهیر وتەبێژى یەکێتى (12-10-2022) لەرونکردنەوەیەکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە وتى "بۆ ھەموولایەکی رووندەکەینەوە کە کاندیدی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆپۆستی سەرۆککۆمار د. بەرھەم ساڵح -ە".
وتیشى "دەمانەوێت لە رێی پۆستی سەرۆککۆمارەوە خزمەتی ھەموولایەک بکەین و پارێزەری دەستوور و مافە نەتەوەییەکان بین".
بڕیارە رۆژى پێنجشەممە 13-10-2022، دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەبچێت و 33 کەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندیدکردووە.