ناس کورد-
فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لە بازگەی عەربەت – سلێمانی سوكایەتی بە پەرلەمانتارێكیان كراوە، دەشڵێت، ئەوەش قبوڵكراو نییە و لێی بێدەنگ نابن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، "بەداخەوە ئەمڕۆ لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵی خۆی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنمان، هەڵکەوت لالە ئەنوەر لە بازگەی عەربەت_سلێمانی بێ ڕێزی پێکراوەو زۆر نابەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ کراوە لەلایەن کارمەندانی بازگەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی ئەم کارە بە توندی ئیدانە دەکەین و دژی هەر بێ ڕێزییەکین بە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و ئەم بابەتە بۆ ئێمە مایەی قبوڵکردن نابێت، پەرلەمانتار خاوەنی پارێزبەندییە و دوای خۆ ناساندنی دەبێت بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ئینجا پەرلەمانتاری هەر لایەنێک بێت."
فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، "وێڕای ئهوهی به ڕێكاری پهیڕهوی داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکەین هەڵوێستییان هەبێت لەم بابەتەدا و چاوەڕێی ئەوەین بەدواداچوونی جدی بکەن، لهههمان كاتدا هۆشداری دهدهین لهوهی بێڕێزی كردن به ههڤالانمان قبوڵكراو نابێت و بێدهنگ و بێ ههڵوێست نامانهێڵێتهوه."