ناس کورد-
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا کۆتایی بێت، نرخی نەوت دادەبەزێت و حکومەتی هەرێم ناتوانێت مووچە دابین بکات، بۆیە باشترە لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەردەوامە، ناشزانرێت مامەڵەی حکومەتی داهاتوو لەگەڵ هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت، بەتایبەت دوای بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بینیویەتی (شەممە 8-10-2022) ڕایگەیاند، "دۆخی ئێستای هەرێم ڕاستە لەڕووی مووچەوە باشترە لە پێشووتر، بەڵام دۆخی پڕۆژەکان بەتایبەت لە سلێمانی زۆر خراپە."
وتیشی، "دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەم نرخەی ئێستای نەوت، نرخی دۆخی شەڕە، ئەگەر شەڕ کۆتایی پێبێت، ئەوا نرخی ئاسایی نەوت لەنێوان 55 بۆ 65 دۆلاردایە، بەوە ناتوانرێت مووچە بدرێت و کێشە دروست دەبێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، "پرسیارێکی دیکە ئەوەیە، ئەگەر حکومەتی عێراق پێکبهێنرێت، ئایا بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە نەوتی هەرێم وەلا دەنێت یاخود کاری پێدەکات، جگە لەوەی یاسای بودجە ئەگەر ئەمجارە بچێتە پەرلەمان لەدوای بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی هاوشێوەی ڕابردوو نابێت."
جەختیشیکردەوە، "بۆیە باشترین شت ئەوەیە کە لەگەڵ حکومەتی عێراقی ڕێککەوتن بکرێت."