گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’بارەگاكانتان چۆڵ بكەن’’

سوپاى عێراق داواى ’’کشانەوەى’’ پێشمەرگە و ئاسایش لە خانەقین دەکات

2022.10.07 - 12:58
App store icon Play store icon Play store icon
سوپاى عێراق داواى ’’کشانەوەى’’ پێشمەرگە و ئاسایش لە خانەقین دەکات

ناس کورد-کەرکوک ناو

 

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی دیالە داوا لە پێشمەرگە، پۆلیس و ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەكات لە زوترین كاتدا بارەگاكانیان لە خانەقین چۆڵ بكەن و بكشێنەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو داواكارییە چوارشەممە 5ی تشرینی یەكەم، دوای سەردانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی دیالە و فەرماندەی فیرقەی یەكی سوپای عیراق هات بۆ بارەگای هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێم لە خانەقین، لەوانەش پێشمەرگە، ئاسایش و پۆلیس.

 

فەرماندەیەكی پۆلیسی حكومەتی هەرێم لە خانەقین، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوای سەردان و داواكارییەكەیان بۆ چۆڵكردنی بارەگاكانمان، لەڕێی سۆزان مەسنور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە پەیوەندیمان بە سەرۆكایەتی كۆمارەوە كرد، ئەوانیش لەگەڵ وەزارەتی بەرگری كەوتنە گفتوگۆ، دواتر پێیانوتین، كە ئەو بابەتە راگیراوە".

 

دوای یەك رۆژ و لە 6ی تشرینی یەكەم، جارێكی تر نوێنەری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی دیالە سەردانی بارەگا و خاڵە سەربازییەكانی هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد لە خانەقین و لەگەڵ داواكردنی ژمارەی چەكدارەكانیان، جەختیشیكردۆتەوە كە دەبێت بارەگاكان چۆڵبكەن، ئەوەش هەر بەپێی وتەی سەرچاوەكەی پۆلیس.

 

بە پێچەوانەی كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك، لە خانەقین هێزی پێشمەرگە، پۆلیس و هەروەها هێزێكی ئاسایشی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند ساڵێكە گەڕاونەتەوە قەزاكە و جێگیربون و بەشدارن لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی خانەقین.

 

سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی هەیە لەو سرییەی پۆلیسی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لەخانەقین جێگیربون، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەركی ئێمە پاراستنی فەرمانگەکانی سەربە ھەرێم و زانکۆ و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمە، لەگەڵ پاراستنی بەنداوی ئەڵوەند، بەڵام ئەوان كە سەردانیان كردوین، دەڵێن لەمەودوا هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵ ئەو ئەركانە لە ئەستۆدەگرن و دەبێت ئێوە ناوچەكە چۆڵبكەن".

 

ئەوە دووەمجارە لەئەمساڵدا ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی دیالە داوای چۆڵكردنی ئەو بارەگا و شوێنانە بكات كە هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم لەناو خانەقیندا لێی جێگیربون.

 

"ئەمجارە داواكارییەكانیان بۆ كشانەوەی ئێمە لە خانەقین جدییە و ئێمەش چاوەڕێی فەرمانی سەروی خۆمان دەكەن"، سەرچاوەكە وایوت.

 

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، بونی ئەو هێزانەی سەر بە حكومەتی هەرێم، زیاتر لە چوارچێوەی رێككەوتنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و وەزارەتی بەرگری عیراقدا بووە لە رابردودا، نەك رێككەوتنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ.

 

لەئێستادا لێپرسراوانی یەكێتی لە بەغدا لەڕێی نوێنەرەكانیان لە پەرلەمانی عیراق و سەرۆكایەتی كۆمارەوە لە هەوڵی چارەسەركردنی گرفتەكەكەدان و تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە هیچ بارەگایەكی سەر بە هێزەكانی حكومەتی هەرێم لە خانەقین چۆڵنەكراوە.

 

لە مانگی ئابی ئەمساڵیش لەكاتی تێكچونی بارودۆخی عیراق بەهۆی خۆپیشاندانەكانی بەغداوە، هێزەكانی ئاسایشی هەرێم (یەكێتی) لە خانەقین، بە بڕیاری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی دیالە جموجۆڵیان لەناو خانەقین سنوردار كرا. بەجۆرێك لەوكاتەوە رێگەیان پێنادرێت بچنە دەرەوەی بارەگاكانیان و ناو بازاڕ.

 

له‌ سنوری قه‌زای خانه‌قین زیاتر له‌ شه‌ش هێز هه‌یه‌ له‌ نێویاندا سوپای عیراقی، پێشمه‌رگه، پۆلیسی فیدراڵی، حه‌شدی شه‌عبی، ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و پۆلیسی ناوخۆیی سه‌ر به ‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق.