گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

ئاژانسێكی ئێرانی هێرش دەكاتە سەر هەڵوێستەكانی بارزانی

2022.10.07 - 10:41
App store icon Play store icon Play store icon
ئاژانسێكی ئێرانی هێرش دەكاتە سەر هەڵوێستەكانی بارزانی

ناس كورد-

 

ئاژانسێکى فەرمى ئێران هێرش دەکاتە سەر هەڵوێستەکانى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى لەبارەى هێرشەکانى ئێران لەخاکى هەرێم و دەڵێت، بەرانبەر دەستدرێژییەکانى تورکیا بێدەنگە و بەرانبەر هێرشەکانى ئێران هەڵوێستى هەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاژانسى میهرى ئێرانى (7-10-2022) بڵاویکردووەتەوە "دوابەدوای هێرشی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگای جیایی خوازان لە باکووری عێراق، هەندێ لە رێبەرانی ئەم ناوچەیە هەڵوێستی نەشیاویان لە بەرانبەر ئەم کارەی ئێران گرت، لەکاتێکدا لە ساڵی 1992 تا ئێستا سوپای تورکیا بە ئاشکرا هاتووەتە هەرێم و‌ بنکە و بارەگای سەربازی تێدا دروست کردووە و ئێستا نزیک بە سی لە سەدی هەرێمی داگیر کردووە و 60 بنکەی سەربازی تێدا هەیە و رۆژانە زیاتر لە 50 جار فرۆکەشەڕکەرەکانی تورکیا بە سەر ئاسمانی هەرێمدا دەسووڕنەوە و‌ بۆردومانی دەکەن و بە بیانووی گەران بە دوای چەکدارانی پەکەکە دەستیان بە سەر زۆر ناوچەی هەرێمدا گرتووە".

 

ئەوەش خراوەتەڕوو "هەندێ لە ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان نەک هیچ جۆرە نارەزایەتییەکیان بەم دەستدرێژییە نییە بەڵکو بە پێچەوانەی دروشمە نەتەوەخوازانەکانیان بە تەواوەتی چوونەتە خزمەت دەزگای هەواڵگری تورکیا و زانیاری چرکە بە چرکە لە کادیر و هێزە کوردەکانی دژبەری دەوڵەتی تورکیا دەدەنە بنکە سەربازییەکانی سوپای تورکیا و تا ئێستا 38 کەس لە ئەندامان و کادیرەکانی گرووپی دژبەری دەوڵەتی تورکیا بە هۆی زانیاری و چاوساغی حزبەکەی بارزانی، بە درۆنی تورکیا کوژراون".

 

"رێبەرانی پارتەکەی بارزانی لە بەرانبەر هاوبەشی ئابووریەوە چاویان لە کوشتنی هاونەتەوەکانی خۆیان لە تورکیا داخستووە و بە میدیای حزبیی خۆیان بچووکترین رووداوی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بە شێوەیەکی ئامانجدار رووماڵ دەکەن، بەڵام بە ئاسانی بۆردومانە بەردەوامەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کە بووەتە هۆی رووخان و چۆڵکردنی چەندین گوند لەو دەڤەرە پشت گوێ دەخەن"، ئەوەش بەپێی ئاژانسەکە.

 

ئاژانسەکە دەشڵێت "ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان لە باڵاترین ئاستدا زیاترین کاردانەوەیان نیشان داوە بە ئۆپراسیۆنی سەربازی ئێران لە دژی جیایی خوازان لە باکووری عێراق. هەر ئەوانەی بە ئاشکرایی لە ژێر سێبەری پشتیوانی و بە ئیمکاناتی هەرێمی باکووری عێراق شێوازی ئەنجامدانی هێرش بە هێزەکانیان فێر ئەکەن و بە پێچەوانەی پەیوەندی دراوسێتی و هاوسنووری نائارامی و بشێوی لە رۆژاوای ئێران رێکدەخەن".

 

مەسعود بارزانى (28-9-2022) رایگەیاند، هێرشەکانى ئێران هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و پێویستە هەرێمی كوردستانیش چیتر نەكرێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی گرفت و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی وڵاتانی دراوسێ.  

 

بارزانى لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، "مووشەكبارانكردن و پەلاماردان چارەسەری كێشەكان ناکات و پێویستە چیتر پەنا بۆ ئەو جۆرە كردەوانە نەبردرێت كە جگە لە تاوانكاری و ناسەقامگیری هیچی لێ بەرهەم نایەت".