ناس کورد-
سهرۆكی ئهنجومهنی ڕاوێژكاری عێراق، پشت پەردەى گفتوگۆ سیاسییەكانی ئاشکراکرد و پێشبینى دەکات ناوەڕاستی ئەم مانگە دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوە بچێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فهرهاد عهلائهدین (٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢) لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەى بەوەکردووە، دواى تەوابوونى بۆنە ئاینییەکان و ساڵیادى تشرین، هێزە سیاسییەکان هیچ بیانوییەکەیان بۆ نەماوەتەوە بۆ بەردەوام بوونى بنبەستى سیاسی، بەتایبەتى دواى وتارەکەى جینین بلاسخارت کە بەرپرسیارێتى داڕمانى نزیکى وڵاتى خستە ئەستۆى سەرجەم لایەنەکان.
وتیشى لە ئێستادا چوارچێوهى شیعى جموجۆڵهكانی له پشت پهرده و دوور له راگهیاندن بهردهوامه. لە دوایین کۆبوونەوەیاندا بڕیاریاندا "هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانیان بکەن" بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت بۆ گەیشتن بە خشتەیەک کە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لەخۆدەگرێت، لەگەڵ راسپاردنى محەمەد شیاع سودانی بۆ پێکهێنانی حکومەت.
دەشڵێت چاوەڕوان دەکرێت دانیشتنى پەرلەمان لە ١٠-١٥ی تشرینی یەکەم بەڕێوەبچێت.
بەوتەى فەرهاد عەلائەدین، لەناو رەوتى سەدر جوڵەى ئەو كەسانەی كه لەسەرۆكی بزوتنەوەكه نزیكن له پشت پەردەوە بەردەوامه بۆ گەیشتن به ڕێككەوتن لەگەڵ هێزه سیاسیەكان، بەڵام سەدر وەڵامى نییە بۆ هەوڵەکان.
پێشیوایە "تویتەكەی دوێنێی سەدر گەڕانەوەیە بۆ گۆڕەپانى سیاسی، هەندێك بە دەرفەتێك بۆ گفتوگۆ دەیبینن، هەندێكی تریش پێیان وایە دانانی مەرجی مەحاڵ نیشانەی رەتكردنەوەی گفتوگۆیە لەگەڵ ركابەرەكاندا".
فەرهاد عەلائەدین دەشڵێت، لەناو لایەنە کوردییەکاندا ناکۆکی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بەردەوامە، بەڵام مەراسیمى پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال لە هەولێر و ئامادەبوونی سەرۆکی کۆمار بەشێک لە بەربەستەکانی شکاند و لە پشت پەردەوە باسیان لە چڕکردنەوەی دیالۆگەکان کرد بۆ كەمكردنەوەی ناكۆكییەكان و گەیشتن بە چارەسەری هاوبەشی نێوان یەکێتى و پارتی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ساڵێک دوای هەڵبژاردنەکان، پرسی پێکهێنانی حکومەت چیتر تەنیا بابەتی ناوخۆیی نییە و ڕەنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستوەردان بکات لە بڕیاردان لەسەر بژاردەکان".